پڕۆژە پیشەسازییەکان زیاتر لە 44 هەزار هەلی کاریان رەخساندووە
رۆژ بە رۆژ کارگە و پڕۆژە پیشەسازییەکان لە هەرێمی کوردستان زیاتر گەشە دەکەن. ئەم گەشەیە تەنیا لە زیادبوونی بەرهەمدا کورت نابێتەوە، بەڵکو هەلی کاری نوێ بۆ هەزاران گەنجیش دەڕەخسێنێت و هەنگاوێکی گرنگیشە بۆ پێشخستنی ئابووریی هەرێم. ئەوە ئامانجی سەرەکی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە.
سەبارەت بە دۆخی کارگە و پڕۆژە پیشەسازییەکان قسەمان لەگەڵ دکتۆر پشتیوان حەمەسەعید، بەڕێوەبەری شار و ناوچە پیشەسازییەکان لە دەستەی گشتیی وەبەرهێنان کرد و بە کوردستان24ـی راگەیاند، 417 پڕۆژەی پیشەسازی مۆڵەتییان پێدراوە، 43 هەزار و 828 هەلیکاری بۆ دەستی کاری ناوخۆ رەخساندووە و هەروەها 885 هەلیکاری بۆ دەستی کاری بیانی رەخاندووە.
417 کارگە بەرهەمەکانیان رەوانەی بازاڕەکانی عێراق دەکەن. بۆ نموونە بەرهەمی ئەم کارگانە تەنیا بۆ بازاڕی ناوخۆ نییە، بەڵکوو بەشێکی زۆریان دەگەنە بازاڕەکانی عێراق و دەرەوەی وڵاتیش. نزیکەی 75٪ی بەرهەمی کارگەکان بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق دەڕوات. بەرهەمەکانیش جۆراوجۆرن، لە ئاسن و خشت و چیمەنتۆوە تا قیر و ئەسفەلت، ئایس کرێم، ئەلەمنیۆم و ئیسفەنج کە بەشێکیان هەناردەی سووریا دەکرێن.
بەڕێوەبەری شار و ناوچە پیشەسازییەکان لە دەستەی گشتیی وەبەرهێنان ئاماژە بە گەشەسەندنی بەرچاو لە ژێرخانی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان دەکات و رایدەگەیەنێت، ئاستی بەرهەمی کارگەکان نەک تەنیا پێداویستیی ناوخۆی پڕ کردووەتەوە، بەڵکو زیادیشی کردووە. تەنیا لە کەرتی چیمەنتۆدا مۆڵەت بە 23 کارگە دراوە و شەش کارگەیان چوونەتە قۆناخی بەرهەمهێنانەوە کە بەشێکی زۆری بەرهەمەکەیان رەوانەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێت و خواستێکی زۆر لەسەر بەرهەمی کارگەکان هەیە.
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان فرەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتی ناوخۆ بوو، بووژانەوەی کەرتی پیشەسازی رۆڵێکی کارای لە فرەچەشنکردنی سەرچاوەی داهات هەیە، هاوکات هەزاران دەرفەتی نوێی کاری لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان رەخساندووە.