شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق: هێرش نەکراوەتە سەر دیالە

هێزێکی حەشدی شەعبی
هێزێکی حەشدی شەعبی

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رەتیدەکاتەوە فڕۆکە جەنگییەکان هێرشیان کردبێتە سەر پێگەکانی حەشدی شەعبی لە دیالە. 

ئەمڕۆ سێشەممە، 3ی تشرینی دووەمی 2026، سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رەتیکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکان هیچ پێگەیەکی سەربازیی هێزەکانی حەشدی شەعبییان لە سنووری پارێزگای دیالە کردبێتە ئامانج.

لە لایەکی دیکەوە چەند گەواهیدەرێک بە هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24ـیان راگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دەنگی چەند تەقینەویەکی بە‌هێزیان لە دەوروبەری دیالە بیستووە.

هاوکات چەند میدیایەکی عێراقی باسیان لەوە کرد، دەنگی تەقینەوەکان بەهۆی هێرشێکی ئاسمانییەوە بووە بۆ سەر پێگەکانی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای دیالە. بەپێی زانیارییەکانی ئەو میدیایانە لە هێرشەکەدا چەند فەرماندەیەکی باڵای حەشدی شەعبی کوژراون.

تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، حەشدی شەعبی و میدیاکانی نزیک لەو هێزە هەواڵەکەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.