نەبیل عەریف خدر کتێبی 'بەردەکانی بناغەی هەولێر'ی بڵاوکردەوە

نەبیل عەریف خدر، نووسەر و فۆتۆگرافەر، نوێترین کتێبی خۆی لەژێر ناونیشانی "بەردەکانی بناغەی هەولێر"، چاپ و بڵاوکردەوە.ئەو لەمبارەیەوە دەڵێت، " ئەو کتێبەم تایبەتمەندییەکی تایبەتی هەیە؛ چونکە ژمارەیەکی زۆر لە بنەماڵە و کەسایەتییەکانی هەولێری تێدا تۆمار کراوە و چەندین وێنەی  مێژوویی لەخۆدەگرێت."

سێشەممە، 3ی تشرینی دووەمی 2026، نەبیل عەریف خدر، نووسەر و فۆتۆگرافەر بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەوە شەشەمین کتێبی منە کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە و شرۆڤەکردنی سەرجەم بوارەکان و لەسەر ئاستی 35 خانەوادە و بە بەشداریی 50 کەسایەتیی شرۆڤەکار و شارەزا لە چەندین شوێنی گرنگ و ستراتیژی ئەنجام دراوه. ئەم بەرهەمە نوێیەم وەک سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ لێکۆڵەرانی بواری کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و مێژوویی ناوچەکە دێتە کایەوە و رەنگدانەوەی قووڵایی کولتووری ناوچەکەیە."

نەبیل خدر سەبارەت بە گرنگیی کتێبەکەی گوتی، "لە کتێبی شەشەمم دا بە تێروتەسەلی تیشکم خستۆتە سەر ئەنتیکە و سیمایە دێرینەکانی شاری هەولێر وەکو، قەڵای هەولێر، شێخی چۆلی و مزگەوتی جەلیل خەیات، هەروەها هەموو ئەو شوێنەوارە دەگمەن و مێژووییانەی کە ناسنامەی شارەکەن."

ئەو نووسەرە باسی لەوەش کرد، "​من لە هەر کتێبێکم دا تیشکم خستۆتە سەر لایەنێکی جیاوازی هەولێر؛ مێژووی پارێزگارەکانی شارەکە لە یەکەم پارێزگارەوە تاوەکو کۆتا پارێزگار، جگه لە چەندین پڕۆژە و بابەتی مێژوویی گرنگی تر. هەروەها ​ئەو کتێبە نوێیەم تایبەتمەندییەکی تایبەتی هەیە؛ چونکە ژمارەیەکی زۆر لە بنەماڵە و کەسایەتییەکانی هەولێری تێدا تۆمار کراوە و چەندین وێنەی مێژوویی لەخۆدەگرێت."

سەبارەت بە ئەرشیفی دەگمەنی باوکی کۆچکردووی، نەبیل خدر دەڵێت، "هەروەها دەستنووس و ئەرشیفێکی دەگمەنی باوکی کۆچکردووم، کە لە ساڵی 1950دا لە گەڕەکی مستەوفی هەولێر گرتوویەتی، وەک سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ بەرهەمهێنانی ئەم کتێبە بەکارم هێناوە و ​ئەم بەرهەمە نوێیەشم وەک گەنجینەیەکی مێژوویی دەوڵەمەند ئەژمار دەکرێت بۆ سەرجەم خەمخۆران و ئاشقانی مێژوو و کەلەپووری شاری هەولێر."

نەبیل عەریف خدر، نووسەر و فۆتۆگرافەر، لە ساڵی 1958 لە هەولێر لەدایکبووە. ​بەکالۆریۆسی لەبەشی راگەیاندنی زانکۆی بەغدا لە ساڵی 1985 بەدەستهێناوە. ​ناوبراو ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بووە و نزیکەی 35 پێشانگەی فۆتۆگرافی کردۆتەوە و بەشداری چەندین پێشانگەی نێودەوڵەتی کردووە.