ناوچە پیشەسازییە نوێیەکەی ئاکرێ لە کۆتایی 2027 تەواو دەبێت
پڕۆژەی دروستکردنی ناوچەی پیشەسازیی هاوچەرخ لە ئاکرێ لە جێبەجێکردندایە و لە کۆتایی ساڵی 2027 رادەستی خاوەنکاران دەکرێت.
لە چوارچێوەی کارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێکخستنەوەی سیمای شارەکان، پڕۆژەی ناوچەی پیشەسازیی هاوچەرخی ئاکرێ جێبەجێ دەکرێت. ئەم هەنگاوە یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخی لە ناوەڕاستی شارۆچکەکە و رەخساندنی هەلی کار.
لەمبارەیەوە ئەندازیار فریاد عەزیز، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، پڕۆژەکە 500 دوکان لەخۆ دەگرێت و بەسەر دوو قۆناخدا دابەش بووە. پیشەسازیی سووک لە 168 دوکان پێکدێت و پیشەسازیی مامناوەندیش 100 دوکان لەخۆ دەگرێت.
ئەو ئەندازیارە وردەکاریی زیاتری خستەڕوو، گوتی، کاری هەڵکۆڵین و پڕکردنەوەی زەوی بۆ پیشەسازیی سووک بە رێژەی 70% تەواو بووە. بە گشتیش تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10%ـی سەرجەم کارەکانی پڕۆژەکە جێبەجێ کراوە.
سەبارەت بە دابەشکردن و فرۆشتنی دوکانەکان، فریاد عەزیز ئاماژەی بەوە دا، لە 1ی مانگی 11 فرۆشتن دەستی پێکردووە و تاوەکو 1ی مانگی 12 داشکاندن بۆ ئەو کەسانە دەکرێت لە پیشەسازییە کۆنەکە کار دەکەن. پڕۆسەی فرۆشتنیش بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی پڕۆژەکە بە تەواوی کۆتایی دێت.
سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە باسی لەوە کرد، دوای تەواوبوونی کارەکان لە کۆتایی ساڵی 2027 پڕۆژەکە بە تەواوی رادەست دەکرێت. دواتر ناوچە پیشەسازییە کۆنەکەی ئاکرێ بە تەواوی تێکدەدرێت و دەکرێتە پارکێکی سەوز بۆ خزمەتکردنی دانیشتووانی شارۆچکەکە.
ناوچەی پیشەسازیی کۆنی ئاکرێ دەکەوێتە ناوەڕاستی شارۆچکەکە، بەهۆی دروستکردنی قەرەباڵخی، ژاوەژاو و تێکدانی سیمای شار، بووەتە هۆی بێزاریی دانیشتووان و گەشتیاران. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا پڕۆژەیەکی نوێی پیشەسازی لە دەرەوەی شارۆچکەکە دروست بکات.