بەرەی گەل: بەشداری لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین
فراکسیۆنی بەرەی گەل لە پەرلەمانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بە فەرمی هەڵوێستی خۆی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، لە پێناو ڕێزگرتن لە دەنگی خەڵک و کاراکردنەوەی دەسەڵاتی یاسادانان، فراکسیۆنەکەیان بەشداری لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستاندا دەکات؛ هاوکات جەختی کردەوە ناکرێت پەرلەمان لەمە زیاتر بە پەکخراوی بمێنێتەوە.
سێشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2026 فراکسیۆنی بەرەی گەل لە پەرلەمانی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمان خستەڕوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی بەرەی گەلدا هاتووە: ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کراوە، کەچی بەبێ هیچ هۆکارێک کارەکانی پەرلەمان پەک خراون. لە کاتێکدا ئەندامانی پەرلەمان هەڵبژێردراوی کۆمەڵانی خەڵکن و پێویستە لە ناو هۆڵی پەرلەمانەوە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی داخوازی و مافەکانی خەڵک بکەن.
دەربارەی بڕیاری بەشداریکردنیان لە دانیشتنەکاندا، فراکسیۆنەکە جەختی لەوە کردووەتەوە: ئێمە لە فراکسیۆنی بەرەی گەل هەڵوێستمان تەواو ئاشکرایە کە دەبێت پەرلەمان دەست بە کارەکانی خۆی بکات؛ لەسەر بنەمای باوەڕبوونمان بە ڕێزگرتن لە مافی دەنگدەرانمان، فراکسیۆنەکەمان بەشداری لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستاندا دەکات.
هەر ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمانی کوردستان بانگهێشتی سەرجەم ئەندامەکانی کرد بۆ ئەوەی ئامادەی دانیشتنی داهاتوو بن.
دیوانی پەرلەمان ئاماژەی بەوە دا، کۆبوونەوەکە بۆ مەبەستی تەواوکردنی خاڵەکانی دانیشتنی یەکەم لە خولی پاییزەی ساڵی یەکەمی خولی شەشەمی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
لە بەشێکی دیکەی بانگهێشتنامەکەدا روونکراوەتەوە، دانیشتنەکەی پەرلەمانی کوردستان لە کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، 04ـی تشرینی دووەمی 2026 بەڕێوەدەچێت. دیوانی پەرلەمان داوای لە هەموو ئەندامان کردووە لە کاتی دیاریکراودا بۆ دانیشتنەکە ئامادەبن.
خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە دوای هەڵبژاردنەکانەوە رووبەڕووی چەندین ئاستەنگی سیاسی و یاسایی بووەتەوە، بەتایبەتی لە پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەماندا. پێشتر یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە کراوەیی هێڵدرابووەوە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕایەوە لایەنە سیاسییەکان نەیانتوانیبوو لەسەر دیاریکردنی سەرۆک و جێگر و سکرتێری پەرلەمان بگەنە رێککەوتن.
بەپێی یاسا، دەبێت پەرلەمان لە یەکەم دانیشتنیدا دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێت، بەڵام بەهۆی ململانێکانی نێوان هێزە سیاسییەکان و نەبوونی لێکتێگەیشتن لەسەر پۆستە باڵاکان، پڕۆسەکە بۆ ماوەیەکی درێژ دواکەوت.
هەروەها ڤاڵا فەرید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لەتەلاری پەرلەمان رایگەیاند، بەگوێرەی ماددەکانى 46، 47 و 48ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ماددەکانى 11 و 14ـی پەیڕەوی ناوخۆ، هەروەها بەپێی داواکارییە فەرمییەکەی سەرۆکی تەمەن لە رێکەوتی 1ـی 12ـی 2024، پێویستە کاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆ زەنگی کۆبوونەوەی تەواوکاریی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان لێبدرێت.
ڤاڵا فەرید گوتیشی "دوای تێپەڕبوونی پتر لە دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەم، پەرلەمان کارا نییە و نەیتوانیوە ئەرکە یاساییەکانی جێبەجێ بکات، ئەوەش بەهۆی تەواونەکردنی رێکارەکانی دانیشتنی یەکەمە کە لە 2ـی 12ـی 2024 دەستیپێکرد".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی هۆشداری دا، پەکخستنی پەرلەمان پێچەوانەی بنەماکانی دیموکراسی و بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستانە، بۆیە داوا لە گشت پەرلەمانتاران دەکات چوارشەممە کاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆ لە هۆڵی پەرلەمان ئامادە بن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکان بەرامبەر بە ئیرادەی دەنگدەران.