حزبوڵڵای عێراقی: هیچ کردەوەیەکی سەربازی لە ناوخۆی عێراق ئەنجام نادەین

بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق، چەندین دۆسیەی هەستیاری ئەمنی، سیاسی و دارایی لە دژی سەرۆکوەزیران و چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرا کرد؛ لەوانە دەستوەردان لە پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی، دۆسیەی گەندەڵیی فرۆشتنی نەوت بە داشکاندنی 47 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بە کۆمپانیای ئەدنۆک، خستنەخوارەوەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیماراتی-سووری لە خاکی عێراق.

سێشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەبو موجاهید عەساف، بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق، لە  پەیامێکی بەرفراواندا کە ئاراستەی رای گشتیی عێراق، چوارچێوەی هەماهەنگی و لایەنگرانی مقاوەمەی ئیسلامی و حەشدی شەعبی کردووە، تیشکی خستووەتە سەر بەردەوامیی پێشێلکردنی سەروەریی عێراق، فراوانبوونی بازنەی گەندەڵی و کارکردنی ژێربەژێری حکوومەتی ئێستا.

لە دەستپێکی پەیامەکەیدا کە ئاراستەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کراوە، عەساف پرسیاری ئەوە دەکات کە ئایا ئاگاداری گرێبەستەکانی فرۆشتنی نەوت بە کۆمپانیای "ئەدنۆک"ی ئیماراتی بە داشکاندنی 47 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک؟ هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە چەندین کەسایەتی لەوانە (تۆم بەڕاک، تەحنوون بن زاید، حەسەن فالح زەیدی، و سەعد وەهیب) بەشدارن لە قازانجی ئەم گرێبەستانەدا و قازانجی مانگانەیان زیاتر لە 4 تریلیۆن و 500 ملیار دیناری عێراقی تێپەڕاندووە. لە درێژەی گوتەکانیدا هاتووە کە حکومەت لە بەڵێنی بێکردار زیاتر هیچی پێشکەش نەکردووە و رۆژانە کێشەکان قووڵتر دەبنەوە.

عەساف رایگەیاندووە، کە مقاوەمەی ئیسلامی تا ئێستاش چاوەڕوانی وەرگرتنی وێنەیەک لەو رێککەوتنەیە کە لە نێوان لیژنەی چوارچێوەی هەماهەنگی و مقاوەمەدا واژۆ کراوە، بەڵام "بەڕێوەبەری ڕێگەپێدراو" رێککەوتنەکەی لە گیرفانی خۆیدا شاردووەتەوە.

لە رووی ئەمنییەوە، هۆشداریی داوە لە چالاکیی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە هاوبەشەکانی ئیماراتی-سووری بە ناوی (شاهین) لە ئاسمانی عێراقدا و ئاشکرای کردووە کە یەکێکیان لە کێڵگەی "فەدەک" لە کەربەلا و یەکێکی دیکەیان لە "سەماوە" کەوتوونەتە خوارەوە و ئێستا لە ژێر دەستی دەزگای هەواڵگریی حەشدی شەعبیدان.

سەبارەت بە دۆخی سەربازی، عەساف روونی کردووەتەوە، کە مقاوەمەی ئیسلامی تا ئەمڕۆ هەموو کردەوەیەکی سەربازیی لە نێوخۆی عێراق راگرتووە، ئەگەر بیەوێت هەر چالاکییەک ئەنجام بدات بە فەرمی رایدەگەیەنێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو رووداوەی هەفتەی رابردوو لە ئاسمانی ناوچەی سەوز رووی دا، بەهۆی دەستڕێژی تەقەی هاوپەیمانەکانی ئەمریکاوە بووە لە فڕۆکەیەکی دۆستی خۆیان و هیچ پەیوەندییەکی بە هێزەکانی مقاوەمەوە نەبووە.

ئەبو موجاهید عەساف هۆشداری داوەتە لایەنگرانی حەشدی شەعبی سەبارەت بە دەستکاریکردنی پڕۆژەیاسای حەشد لە لایەن سەرۆکوەزیران و نووسینگەکەیەوە پێش ئەوەی ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت بۆ دەنگدان. هاوکات داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن کردووە هەردوو دەقی سەرەتایی و دەستکاریکراوەکە بخەنە بەر دیدی هاووڵاتییان بۆ ئەوەی روون بێت کێ یاری بە چارەنووسی هێزە چەکدارەکان دەکات.

عەساف بە توندی رەتی کردەوە کە کەتیبەکانی حزبوڵڵا، بەشداریی لە حکوومەتدا کردبێت یان داوای هیچ پۆستێکی حکوومی کردبێت و هەموو ئەو دەنگۆیانەی بە "درۆ و ناوزڕاندن" وەسف کرد.

هەروەها بە توندی سەرکۆنەی هەر هەوڵێکی بۆ بەشداریکردن لە گەمارۆدانی ئابووریی سەر ئێران کرد و ئەوانەی بەشداری لەو گەمارۆیەدا دەکەن بە هاوشێوەی "ئەبوو لەهەب و بێباوەڕانی قوڕەیش" چواند؛ هاوکات هۆشداریی دایە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەوەی کە لایەنە فەرمییەکان بە بەرپرسانی ئێرانیان راگەیاندووە، بڕیاری بەشداریکردن لە گەمارۆدانەکە بە رەزامەندیی "هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت" و "چوارچێوەی هەماهەنگی" دراوە.