ترەمپ هەڕەشەی بەکارهێنانی ڤیتۆ دژی دیموکراتەکان دەکات

سەرۆکی ئەمریکا لە بارەی پێشەنگبوونی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی نیوەی خولی وڵاتەکە رایگەیاند: "ناوی من لەسەر بلیتەکانی دەنگدان نەبوو".

ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە ئەژمارەی تایبەتی خۆی لە سەکۆی ترووس سۆشیاڵ نووسیویەتی: "ئەگەر ناوی من لەسەر بلیتەکانی دەنگدان بووایە، بە جیاوازییەکی زۆر دەمانبردەوە".

دۆناڵد ترەمپ بە نیویۆرک تایمزی راگەیاند، ئامادەیە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان قبووڵ بکات و ئامادەی کارکردنە لەگەڵ دیموکراتەکان، هەروەها گوتیشی: "لەوانەیە بگەینە تێڕوانینێکی هاوبەش".

سەرۆکی ئەمریکا چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردنی نیوەی خولی نەکرد بۆ ئەوەی بزانێت رووبەڕووبوونەوەی داهاتووی لەگەڵ کۆنگرێس چۆن دەبێت. بەڵکو پێشوەختە نەخشەڕێگەی مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەگەری کۆنترۆڵکردنی یەکێک لە ئەنجوومەنەکان یان هەردووکیان لەلایەن دیموکراتەکانەوە دیاری کرد و هەڕەشەی بەکارهێنانی مافی ڤیتۆی سەرۆکایەتیشی کرد بۆ پەکخستنی ئەو یاسایانەی دەگەنە دەستی.

ترەمپ گوتی، ئەگەر دیموکراتەکان بتوانن زۆرینەی کۆنگرێس بەدەست بهێنن، ئەوا بە دڵخۆشییەوە نازناوی "بەڕێز ڤیتۆ" قبووڵ دەکات. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئامادەیە دژی ئەو پڕۆژە یاسایانە بوەستێتەوە کە لەگەڵ بەرنامە سیاسییەکانی ناتەبان.

لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سی بی ئێس نیوز بوو، کە بەر لە داخستنی سندووقەکانی دەنگدان لە هەڵبژاردنی 3ـی تشرینی دووەم بەرێوەچوو. ترەمپ لەو چاوپێکەوتنەدا باسی لە دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆی کرد و دووپاتی کردەوە، خاوەنی دەسەڵاتی ڤیتۆیە و دەتوانێت بەرەنگاری ئەو یاسایانە ببێتەوە کە رکابەرە سیاسییەکانی تێپەڕی دەکەن.

سەرۆکی ئەمریکا تەنیا هەڕەشەی بەکارهێنانی ڤیتۆی نەکرد، بەڵکو وەک ئامرازێکی گوشار ناوی برد کە لە کۆتاییدا دیموکراتەکان ناچار دەکات لەگەڵیدا دانوستان بکەن. گوتیشی، ئەزموونەکە لەوانەیە بە رەتکردنەوەی پڕۆژە یاساکان بۆ ماوەی چەند مانگێک دەست پێ بکات، پێش ئەوەی هەردوو لا بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان و بگەنە رێککەوتن.

لێدوانەکانی ترەمپ تێڕوانینی ئەو بۆ شێوازی پەیوەندیی ئەگەری نێوان کۆشکی سپی و کۆنگرێس لە نیوەی دووەمی خولی سەرۆکایەتییەکەیدا نیشان دەدات، ئەگەر کۆنترۆڵی یاسادانان بۆ دیموکراتەکان بگوازرێتەوە. ئەم دۆخەش دەرگا بۆ رووبەڕووبوونەوەی سیاسی لە بارەی باج، کۆچبەران، خەرجییەکانی حکوومەت، بازرگانی و سیاسەتە ناوخۆییەکان دەکاتەوە.