موجتەبا خامنەیی: سازش بۆ ئەمریکا ناکەین

ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، موجتەبا خامنەیی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ سازش بۆ ئەمریکا ناکەین.

عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ لەبارەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا رایگەیاند، هەر کەسێک هیوای بە گۆڕانی هەڵسوکەوتی سیستەمی دەستبەسەرداگرتن یان گۆڕانکاریی حزبی و باڵەکان لەو سیستەمەدا هەبێت، یان پێی وایە بە پێدانی ئیمتیاز بە ئەمریکا دەتوانێت ئەو وڵاتە لە دوژمنایەتیی گەلی ئێران پەشیمان بکاتەوە، بە تەواوی لە هەڵەدایە.

خامنەیی ئەم تێڕوانینەی بە هەڵە و بێڕێزی بەرامبەر بەو سەرکەوتنانە ناوبرد کە گەلی ئێران لە سایەی خۆڕاگری و تێکۆشان بەدەستیهێناوە. رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، ئاواتی ئەمریکا تەسلیمبوونی بێ مەرجی گەلی ئێرانە و هەر هەنگاوێک بەرەو تەسلیمبوون بە دوژمن، ئەو سەرمایە گەورەیەی بە هۆی خوێنی شەهیدان و فیداکاریی گەل بەدەستهاتووە لەناودەبات.

رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشداری دا، لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی دەستدرێژیی ئەمریکا، کاردانەوەی ئێران رەهەندی زۆر فراوانتر وەردەگرێت. خامنەیی روونیکردەوە، کاردانەوەکانی پێشووی ئێران لە کەنداو و گەرووی هورمز بەرامبەر بە دەستدرێژییەکانی ئەمریکا، جیهادێکی سەرەتایی بوو دژی دەستبەسەرداگرتن لە ئاستی ناوچەییدا کە لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی دەستدرێژییەکاندا، بەهێزتر دەبێت.

بە گوتەی خامنەیی، چیرۆکی دوژمنایەتیی ئەمریکا بەرامبەر گەلی ئێران گەیشتووەتە رادەیەک کە هەموو کاتژمێرەکان بوونەتە رۆژی خەبات دژی ئەو وڵاتە. رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران باسی لەوە کرد، مەیدانی کەنداوی فارس ئەفسانەی شکستنەهێنانی ئەمریکای هەڵوەشاندەوە و بێدەسەڵاتی ئەو حکوومەتانەشی دەرخست کە پشت بە هێزی دەرەکی دەبەستن.

خامنەیی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختیکردەوە، تاکە رێگەی گەیشتن بە خاڵی بازدارێتیی رەها، بەردەوامیدانە بە ستراتیژیی ئێرانێکی بەهێزتر لە رێگەی پێشکەوتنی هەمەلایەنەوە. رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکگرتوویی و کۆدەنگیی کۆمەڵایەتیی بە توخمێکی سەرەکیی سەرکەوتن لەم رێگەیەدا زانی و داوای لە بەرپرسان کرد بۆ خزمەتی زیاتر و دابینکردنی بژێوی و ئاسوودەیی خەڵک هەوڵ بدەن.

لە کۆتاییدا، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران گەنجان و خوێندکارانی بە پێشەنگی دروستکردنی داهاتوویەکی روون ناوبرد. خامنەیی گوتی: "ئەو توێژە پێشکەوتووە دەبێت بەردەوام لە هەوڵی رزگارکردنی ماڵی هیوا و باوەڕبەخۆبووندا بن." رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، بە هۆی رسوایی داگیرکاران، هێزی سەربازی و نەرمی نێودەوڵەتیی ئەمریکا تووشی داڕمان بووە و پرۆسەی هەرەسهێنانی خێراتر بووە.