لە دیاربەکر داوای ئازادکردنی دەمیرتاش و هاوڕێکانی دەکرێت
لە ساڵیادی دەستگیرکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و هاوڕێکانیدا، ژمارەیەک لە نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، مافپەروەران و سیاسەتمەداران لە بەردەم کۆشکی دادی دیاربەکر گردبوونەوە و لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ناوبراو و سەرجەم گیراوانی دۆسیەی کۆبانێیان کرد.
رۆژی 4ـی تشرینی دووەمی 2016، سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی کۆبانێ دەستگیرکرا، دواتریش لە ئەنجامی دادگاییکردنی لە دۆسیەی کۆبانێدا، 42 ساڵ سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.
بەشداربووانی گردبوونەوەکە جەختیان لەوە کردەوە کە دۆسیەی کۆبانێ لە سەرەتاوە کەیسێکی سیاسی بووە نەک یاسایی، هەروەها بەهۆی سەربەخۆنەبوونی دەسەڵاتی دادوەری لە تورکیا، دەمیرتاش و هاوڕێکانی تا ئێستاش لە زینداندان، بۆیە داوایان کرد بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ بکرێن و ڕێگە لە بەردەم سیاسەتی مەدەنی و دیموکراسیدا واڵا بکرێت.
لەو بارەیەوە، ئەرجان یڵماز، سەرۆکی لقی دیاربەکری کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند "دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بە ڕوونی ئاماژەی بەوە کردووە کە دۆسیەی کۆبانێ کەیسێکی سیاسییە، هەروەها دەستگیرکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و تەواوی هاوڕێکانیشیان بڕیارێکی سیاسی بووە. دادگاکانی تورکیا ناتوانن بە سەربەخۆیی بڕیاری ئازادکردنیان بدەن، هەر بۆیە ئەگەر بڕیاری ئازادکردنیشیان بدرێت، تەنیا لە ڕێگەی بڕیارێکی سیاسییەوە دەبێت."
هاوکات، مەراڵ دانش بێشتاش، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئاماژەی بە گرنگیی کرانەوەی کایەی سیاسی کرد و گوتی: "ئەو پرۆسەیەی باس دەکرێت، پێویستە بۆ ئەوە بێت کە پێش بە سیاسەتی مەدەنی و دیموکراسی بکرێتەوە. ئێمە بە فیکر و گوتار و بە شێوازێکی مەدەنییانە خەبات دەکەین، بەڵام هاوڕێکانمان تەنیا لەبەر خەباتی سیاسییان لە زینداندان؛ ئەگەر بەڕاستی دەمانەوێت دەرگای سیاسەت بکرێتەوە، دەبێت سەرەتا ئەو سیاسەتمەدارانە ئازاد بکرێن."
بە گوێرەی وتەی پارێزەران و مافناسان، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا تا ئێستا پێنج جار بڕیاری لەبارەی دۆسیەی کۆبانێوە داوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە کێشەی جیدیی یاسایی لە کەیسەکەدا هەیە و دۆسیەکە سیاسییە، بەڵام دادگاکانی تورکیا بڕیارەکانی دادگای ئەوروپایان پشتگوێ خستووە و گیراوانی ئەو دۆسیەیە هێشتا ئازاد نەکراون.