موحسین رەزایی: ترەمپ رووبەڕووی شکستێکی گەورە بووەوە
ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە لێدوانێکدا رایگەیاند، خۆڕاگریی گەلی ئێران شکستی گەورەی سەربازی لە گەرووی هورمز و هاوکات شکستی قورسی سیاسی لە واشنتن بەسەر دۆناڵد ترەمپدا هێنا؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە دەنگدەران و خەڵکی ئەمریکا باجی قورسی سیاسەتە شەڕخوازانەکانی سەرۆکی وڵاتەکەیان داوە.
چوارشەممە 4ـی تشرینی دووەمی 2026، موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران پەیامێکی بڵاوی کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی کۆنگرێسی ئەمریکا بەشێکە لە لێکەوتەکانی ململانێی سەربازیی نێوان تاران و واشنتن.
رەزایی رایگەیاند: "گەلی ئێران شکستێکی ستراتیژیی ئێجگار گەورەی لە مەیدانی جەنگ و لە گەرووی هورمز، و هاوکات شکستێکی قورسی سیاسی لە واشنتن بەسەر ترەمپدا سەپاند."*
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە هاووڵاتییان و ئەمریکا راستەوخۆ کەوتوونەتە ژێر باری قورسی تێچووی دارایی و ئابووریی ئەو جەنگەی دۆناڵد ترەمپ لە ناوچەکەدا هەڵیگیرساندووە، و ئەم ناڕەزایەتییەش لە سندووقەکانی دەنگداندا رەنگی دایەوە.
موحسین رەزایی هۆشداریی دایە واشنتن و هاوپەیمانەکانی و گوتی:"هەر لایەنێک بەربەرەکانێ و دوژمنایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بکات، دەبێت باجە قورسەکەی لە گۆڕەپانی نەبەردەوە تا بەردەم دەرگای ماڵی خۆی بدات."
لێدوانەکەی بەرپرسە باڵاکەی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دوای ئەوە دێت کە پارتی کۆماری بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، زۆرینەی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانی لە هەڵبژاردنی نیوەی خولدا بە دیموکراتەکان دۆڕاند، کە تەنانەت بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپیش لەوانەش جەی دی ڤانس بەشێکی گەورەی هۆکاری شکستەکەیان بۆ لێکەوتە ئابوورییەکانی جەنگی ئێران و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی گەڕاندەوە.