ئەترووشی: کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەرفەتێکە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، وێڕای پیرۆزبایی لە پەرلەمانتاران بە بۆنەی دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگیی یاسادانان و چاودێری لەگەڵ پەرلەمانی فیدراڵدا کردەوە بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان.
چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڵاوی کردەوە، فەرهاد ئەمین ئەترووشی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان کرد بە بۆنەی دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکان و هەڵبژاردنی دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، ئەم هەنگاوەشی وەک زەمینەسازییەکی پێویست و گرنگ لە قەڵەم دا بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی پێکهێنانی حکوومەتێکی نیشتمانی بە بەشداریی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، فەرهاد ئەترووشی داوای لە سەرجەم فراکسیۆن و هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، بە گیانی بەرپرسیاریەتیی نیشتمانی و لە رێگەی هاوکاریی هاوبەشەوە کار بکەن بۆ سەرخستنی کارەکانی پەرلەمان و بووژاندنەوەی پرۆسەی سیاسی، هاوکات پەلە بکەن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت؛ بە شێوەیەک کە وەڵامدەرەوەی چاوەڕوانی و ئاواتەکانی گەلی کوردستان بێت ورۆڵی کارا ببینێت لە رێکخستن و پتەوکردنی پەیوەندییە کارگێڕی و داراییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
هەروەها فەرهاد ئەترووشی جەختی لەسەر گرنگیی فراوانکردنی ئاستی هەماهەنگیی یاسادانان و چاودێری لە نێوان پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عێراقدا کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە، کە بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییە دەستووری و پەرلەمانتارییە، هۆکارێکی سەرەکی دەبێت بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی سیاسی و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان لە سەرانسەری وڵاتدا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار، کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردران.
لای خۆیەوە ڤالا فەرید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، پەیامێکی ئاراستەی سەرجەم فراکسیۆنەکان کرد بۆ ئەوەی بەشداری لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بن، هەروەها داوایەکی دیکەی لە فراکسیۆنەکان کرد، تاوەکوو دووشەممەی هەفتەی داهاتوو ناوی کاندیدەکانیان بۆ دانانی لیژنەکانی پەرلەمان پێشکەش بکەن، بە تایبەت لیژنەی یاسایی.