پارتێکی عەرەبی پشتیوانی لە گادی ئایزنکۆت دەکات بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل
پارتی رەعەمی عەرەبی پشتیوانی خۆی بۆ گادی ئایزنکۆت راگەیاند بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی ئیسرائیل وەربگرێت، بەمەش پێدەچێت کاندیدی ئۆپۆزیسیۆن یەکەم هەلی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیی حکوومەت پێبدرێت.
چوارشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2026، میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە، پارتی رەعەم کە پارتێکی عەرەبییە، لە راگەیەندراوێکی کورتدا ئاشکرایکرد کە گادی ئایزنکۆت بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی ئیسرائیل بەربژێر دەکات.
بە پشتیوانیی هەشت پەرلەمانتارەکەی پارتی رەعەم، کۆی گشتیی ئەو پەرلەمانتارانەی پشتیوانی لە ئایزنکۆت دەکەن دەگاتە 56 کەس، لە بەرامبەریشدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئێستا، پشتیوانیی 53 پەرلەمانتاری هەیە. 11 کورسییەکەی دیکەش لای لیستی هاوبەشی عەرەبییە، کە ئەوانیش دژی ناتانیاهۆن، بەڵام رەنگە دەنگ بە هیچ کاندیدێک نەدەن بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران.
زۆرینەی دەنگەکانی ئایزنکۆت بەو واتایە دێت کە ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل، کە بڕیار دەدات کێ هاوپەیمانییەکە پێکبهێنێت، پێدەچێت یەکەمجار روو لە ئایزنکۆت بکات. دوای دیاریکردنیشی، ئایزنکۆت زۆرترین ماوەی 42 رۆژی لەبەردەستدا دەبێت بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکە.
پشتیوانییەکەی پارتی رەعەم بەو واتایە نایەت کە رێگەی ئایزنکۆت بۆ پێکهێنانی حکوومەت ئاسان دەبێت. پێش هەڵبژاردنەکان بەڵێنی دابوو کە پارتی رەعەم نەخاتە ناو حکوومەتەکەیەوە. لە پاڵ ئەوەشدا، ئاڤیگدۆر لیبەرمان لە پارتی ئیسرائیل بێتینۆ کە یەکێکە لە هاوپەیمانەکانی ئایزنکۆت، بەڵێنیداوە پشتیوانی لە پێکهێنانی حکوومەتێکی کەمینە نەکات.
لە کۆی 120 کورسیی پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست)، نە ئایزنکۆت و نە ناتانیاهۆ زۆرینەی 61 کورسییان مسۆگەر نەکردووە.
ئێستاش پارتی ئیسرائیل بێتینۆ لە کۆبوونەوەدایە لەگەڵ هێرزۆگ و بەڵێنی داوە کە پشتیوانی لە ئایزنکۆت بکات بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران.