نێردە دیپلۆماسییەکان سەردانی پەرلەمانی کوردستان دەکەن و لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی کۆدەبنەوە

پەرلەمانی کوردستان
پەرلەمانی کوردستان

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2026، شاندی نێردە و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و کونسوڵەکانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان، سەردانی پەرلەمانی کوردستان بکەن و لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی پەرلەمان کۆببنەوە.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان تەواوی ئەو هەنگاوە یاسایی و رێکارانەی بۆ دیپلۆماتکاران دەخاتەڕوو کە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان گیرابوونەبەر، هاوکات تیشک دەخەنە سەر بایەخ و گرنگیی گەڕانەوەی ئەم دامەزراوە شەرعییە بۆ راپەڕاندنی ئەرکە یاسایی و چاودێرییەکانی لە سیستەمی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستاندا؛ لە هەمان کاتدا وردەکاریی دانیشتنەکەی رۆژی چوارشەممەیان بۆ روون دەکەنەوە.

هەروەها ئازەر فارووق پەیامنێری کوردستان24 گوتی: نێردە و کونسوڵەکانی 'ئەمریکا، رووسیا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئێران، یۆنان و تورکیا' ئامادەدەبن.

ئەم سەردانەی نێردە دیپلۆماسییەکان لە کاتێکدایە، دوای زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، رۆژی چوارشەممە 4ـی تشرینی دووەمی 2026، پەرلەمان بە بەشداریی زۆرینەی پەرلەمانتاران و بەشێک لە فراکسیۆنەکان و پەرلەمانتارانی سەربەخۆ درێژەی بە دانیشتنی یەکەمی خۆیدا و لە پرۆسەیەکی یاساییدا سەرۆک، جێگر و سکرتێری پەرلەمانی هەڵبژارد، بەوەش کۆتایی بە پەککەوتنی دوو ساڵەی دامەزراوەی یاسادانان هێنرا و پەرلەمان بە فەرمی کارا کرایەوە.