دانیاڵ گۆرانیی "کیژە کورد"ی زیاد ئەسعەدی بە ستایلێکی جیاواز بڵاوکردەوە
دانیاڵ مادلاند، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، گۆرانیی "کیژە کورد"ی هونەرمەندی ناسراوی کورد زیاد ئەسعەد، دووبارە تۆمار کردووەتەوە و بە شێوازێکی جیاواز و ستایلی موزیکی "رێگی Reggae" بەشێوەی ڤیدیۆ پلەی باک بڵاوکردەوە.
پێنجشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2026، دانیاڵ مادلاند، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "گۆرانیی "کیژە کورد" یەکێکە لەو بەرهەمانەی زیاد ئەسعەد لە ساڵی 2006 لە ئاهەنگێکدا تۆماری کردووە. هۆنراوە و ئاوازی گۆرانییەکە زیاد ئەسعەدە خۆی دایناوە و موزیکییەکەشی بە هاوکاری سیامەک فەقێزادە و تاداس ئاگوستیتێ ئامادە کراوە. هەروەها من بە رێکخستنێکی نوێ و بە ستایلی "رێگی" گۆرانییەکەم دووبارە تۆمار کردووەتەوە؛ ستایلێک لە موزیکی کوردیدا بە شێوەیەکی کەم بەکاردەهێنرێت. ئەم بەرهەمەش لە ستۆدیۆی تایبەتی من لە هەولێر تۆمار کراوە."
دانیاڵ مادلاند سەبارەت بە ژمارەی ئەو گۆرانیانەی زیاد ئەسعەد داوێتی بە هونەرمەندانی دیکە گوتی، "زیاد ئەسعەد، لە ماوەی چەندین ساڵ کاری هونەریدا، زیاتر لە 150 گۆرانی بۆ هونەرمەندانی کورد دروست کردووە و بەشێکی گرنگی بەرهەمەکانی بوونەتە بەشێک لە مێژووی گۆرانی کوردی. ئەو بە تایبەتی لە دروستکردنی گۆرانی بە مەقامی حیجازدا ناوبانگێکی تایبەتی پەیدا کردووە؛ مەقامێک بە هەستی خەمناک و دەربڕینی قووڵی سۆز، رەنگێکی جیاوازی بە بەرهەمەکانی بەخشیوە و لەلایەن هەندێک هونەرمەند و هونەردۆستەوە بە "حیجازی زیاد ئەسعەد" ناسراوە."
ئەو هونەرمەندە باسی لەوەش کرد، "لە نێو گۆرانییە ناسراوەکانی زیاد ئەسعەددا وەکو، بڕۆ ئەی بێوەفا، بە دەنگی ئەژدەر وەهبی، خودای عەشق دەتگرێ، بە دەنگی ئەیاد حسێن، سەفەرت خۆش، بە دەنگی هەڵمەت، تازە رۆی بە دەنگی گۆڤەند رەواندزی و دانیاڵ، هەبوو نەبوو، بە دەنگی کوردە، گۆرانی بۆ گوڵێ، بە دەنگی پەیوەند جاف و "سکاڵا" بە دەنگی خۆی زیاد ئەسعەد."
دانیاڵ باس لە پەیوەندی خۆی و زیاد ئەسعەد دەکات دەڵێت، "من پەیوەندییەکی دۆستانەم لەگەڵ زیاد ئەسعەد هەیە و خۆم رەزامەندی و پشتگیریی ئەوم وەرگرتووە بۆ دووبارە گوتنەوەی گۆرانییەکانی. هەرچەندە تا ئێستا بەرهەمێکی فەرمیم لە زیاد ئەسعەد وەرنەگرتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گۆرانییەکانی خۆم، زۆربەیان هۆنراوە و ئاوازی خۆمە، لەگەڵ دووبارە گوتنەوەی هەندێک لە گۆرانییە ناسراوەکانی هونەرمەندان بڵاو دەکەمەوە."
لەکۆتایی قسەکانی دا، دانیاڵ باس لە بڵاوکردنەوەی چەند بەرهەمێکی دیکەی زیاد ئەسعەد دەکات و روونی کردەوە، "لەسەر داوای زیاد ئەسعەد، چەند گۆرانییەکی دیکەش لەبەردەستدایە و بەمزووانە بڵاویان دەکەمەوە. هەروەها لەو رۆژانەدا بەرهەمێکی دیکەش ئامادە دەبێت و سێ بەرهەمی دیکەی زیاد ئەسعەدم بە دەنگی خۆم بڵاو کردووەتەوە."
دانیاڵ مادلاند، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، لەساڵی 1977 لە سەنگەسەر لەدایکبووە. دانیاڵ بە گۆرانی "بەبێ تۆ"، لەناو خەڵک ناسرا و ئەو گۆرانییەش بوو بە هۆکاری دەستپێکردنی ناوبانگی لە بواری گۆرانی کوردی. ناوبراو خاوەنی چەندین گۆرانی و بەرهەمی هونەرییە و هەواداری تایبەت بەخۆی هەیە.