بە رێژەی 100% ڕێنمایی لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەرچوو

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی ئاسانکاریکردن بۆ خاوەنکاران، رێنمایی تایبەت بە لێخۆشبوون لە سزاکانی دواکەوتنی بەشداریی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی دەرکرد، بەپێی رێنماییەکەش لێخۆشبوونەکە بە رێژەی 100% دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، پاڵپشت بە بڕیاری ژمارە (307)ـی ئەنجوومەنی وەزیران، لەپێناو ئاسانکاریکردن بۆ خاوەنکاران و هاندانیان بۆ رێکخستنەوەی دۆسیە داراییەکانیان، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی "رێنمایی ژمارە (5)ی ساڵی 2026"ـی تایبەت بە لێخۆشبوون لە سزاکانی دواکەوتنی بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەرکرد.

بەپێی رێنماییەکە، سەرجەم ئەو خاوەنکار و خاوەن پڕۆژانەی کە قەرزی کەڵەکەبووی بەشداریی دەستەبەری کۆمەڵایەتییان لەسەرە، بە رێژەی 100% لە سزاکانی دواکەوتن دەبەخشرێن.

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی ئاماژەی بەوە کردووە، مەرجی سەرەکی بۆ سوودمەندبوون لەم لێخۆشبوونە ئەوەیە، پێویستە خاوەنکاران لە ماوەی (90) رۆژدا لە رێکەوتی دەرچوونی رێنماییەکەوە (5ـی تشرینی دووەمی 2026)، تەواوی قەرزی بنەڕەتیی بەشداریی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکارەکانیان بدەنەوە.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی رێنماییەکەدا هاتووە، ئەو پڕۆژانەی پێشتر پارەی بەشدارییەکانیان بۆ کراوەتە قیست، دەتوانن هاوشێوەی پڕۆژەکانی دیکە سوودمەند بن لەم بڕیارەی لێخۆشبوون.