وەزیری ئاوەدانکردنەوە: 872 پڕۆژەی رێگاوبانمان بە درێژایی 3400 کیلۆمەتر تەواو کردووە

وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئاماژە بەوە دەکات، لە کابینەی نۆیەمدا زیاتر لە 3400 کیلۆمەتر رێگا دروستکراوە، هەروەها 522 پڕۆژەی دیکەش لە قۆناخی جێبەجێکردندان و بەپێی پلانێکی 10 ساڵە تۆڕی رێگاوبانی کوردستان نۆژەن دەکرێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2026، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "باسی ڕۆژ"ـی کوردستان24، وردەکاریی ستراتیژییەتی وەزارەتەکەی بۆ کەرتی ڕێگاوبان، ئاماری پڕۆژە تەواوکراوەکان، هۆکاری دواکەوتنی هەندێک لە پڕۆژەکان و دۆسیەی یەکەکانی نیشتەجێبوونی بۆ کەمدەرامەتان خستەڕوو.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند، لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا کۆنفرانسی تایبەت بە ماستەرپلان و نەخشەی رێگاوبانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە پلانێکی 10 ساڵەیە بۆ ئەوەی تۆڕی ڕێگاوبانی هەرێمی کوردستان لە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتوودا بێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەکانی رێگاوبان تێچووی زۆریان پێویستە و بەهۆی قەیرانە داراییەکان و کەمیی نەختینەوە رووبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە، بەڵام بە پشتیوانیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و جێگری سەرۆکوەزیران، کاروانی پڕۆژەکان نەوەستاوە.

دەربارەی دەستکەوتەکانی کابینەی نۆیەم لە کەرتی رێگاوباندا، وەزیری ئاوەدانکردنەوە کۆمەڵێک ئاماری خستەڕوو:

 - پڕۆژە تەواوکراوەکان: 872 پڕۆژەی جۆراوجۆری ڕێگاوبان لە سەرانسەری هەرێمی

 کوردستان تەواو کراون، کە بە درێژایی سێ هەزار و 400 کیلۆمەتر بووە و تێچووەکەی زیاتر لە یەک ترلیۆن و 148 ملیار دینار بووە.

 - پڕۆژە بەردەوامەکان: لە ئێستادا 522 پڕۆژەی ڕێگاوبان بە گوژمەی زیاتر لە 3 ترلیۆن و 300 ملیار دینار لە قۆناغی جێبەجێکردندان، کە بە تەواوبوونیان نزیکەی  سێ هەزار کیلۆمەتری دیکە بۆ تۆڕی رێگاوبان زیاد دەبێت.

 - ڕێگەی گوندەکان: گرنگییەکی زۆر بە ڕێگەی گوندەکان دراوە و تاوەکو ئێستا رێگەی  زیاتر لە 450 گوند قیرتاو کراوە و خراونەتە خزمەتی دانیشتووانەکەیانەوە.

دەربارەی دواکەوتنی رێگەی دووسایدی نێوان هەولێر و سلێمانی، دانا عەبدولکەریم رەتیکردەوە هیچ جیاکارییەکی سیاسی هەبێت و روونکردنەوەی دا "رێگەی هەولێر – دهۆک لە کابینەکانی حەوتەم و هەشتەمەوە کاری زۆری تێدا کرابوو، بەڵام رێگەی هەولێر - سلێمانی لەگەڵ ئەوەی لە کابینەی حەوتەمدا دەستی پێکرابوو، بەهۆی قەیرانی دارایی، بڕینی بودجە لەلایەن بەغداوە لە ساڵی 2014 و شەڕی داعش کارەکانی وەستابوون."

وەزیر ئاماژەی بەوەش کرد، پاشماوەی کاریگەریی "دوو ئیدارەیی" لە ساڵی 2005ـەوە کە لە رووی دارایی و کارگێڕییەوە بە شێوەی رێژەیی دابەش ببوو، کاریگەریی نەرێنی لەسەر پڕۆژەکان هەبووە. لەگەڵ ئەوەشدا جەختی کردەوە لە کابینەی نۆیەمدا کار لەسەر ئەم ڕێگەیە کراوەتەوە و بەشی دووەم و سێیەمی دووسایدی دووکان - چوارقوڕنە دەستی پێکردووەتەوە و نزیکەی 20 بۆ 25 کیلۆمەتری تەواو بووە، و ئومێدەوارن تا کۆتایی ساڵی داهاتوو تەواو بکرێت. هەروەها پڕۆژەی دووسایدی وارماوە - دەربەندیخان گەیشتووەتە نزیکەی 80% و ڕێگەی هەولێر - کۆیەش 48%ـی تەواو کراوە.

دانا عەبدولکەریم گوتی "دیزاینی رێگەی نێوان کۆیە و دووکان تەواو بووە و خەمڵاندنی تێچووەکەی لە قۆناخی کۆتاییدایە، لەم مانگەدا (تشرینی دووەم) ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەکەین بۆ پەسەندکردنی، بۆ ئەوەی پێش کۆتایی ئەمساڵ بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە دووسایدکردنی ڕێگەی سەیدسادق - پێنجوێن و ڕێگەی قەندیل تا حاجی ئۆمەران (کە نزیکەی 11 تونێل لەخۆ دەگرێت) و پڕۆژەی رێگای خێرا (ئێکسپرێس وەی) لە پلانە ستراتیژییەکاندان.

دەربارەی هۆکاری دەستپێنەکردنی کاری کرداری لە پڕۆژەی ڕێگەی گوندەکانی بناری قەندیل سەرەڕای دانانی بەردی بناغەکەی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە هۆکارەکەی بۆ کێشەی نەختینە لە بانکەکان گەڕاندەوە و رایگەیاند "پڕۆژەکە گرێبەستی بۆ کراوە، بەڵام کاتێک وەزارەت شایستە داراییەکان (پێشینە)ی بەڵێندەر دەنێرێتە سەر حیسابی بانکی، بەهۆی نەبوونی پارەی نەختینە لە بانکەکان پێشینەکە خەرج ناکرێت. بەڵێندەریش بەپێی یاسا و ڕێنمایی بۆی هەیە کار رابگرێت. چەندین پڕۆژەی دیکەش تەنیا بەهۆی ئەم کێشەی نەختینەیەوە کارەکانیان خاو بووەتەوە." لە هەمان کاتدا دەستخۆشی لەو کۆمپانیا و بەڵێندەرانەی کەرتی تایبەت کرد کە لەسەر توانای دارایی خۆیان بەردەوام بوون لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان.

سەبارەت بە دۆسیەی یەکەکانی نیشتەجێبوون، دانا عەبدولکەریم ڕوونی کردەوە کە ئەو 20 هەزار یەکەیەی باس دەکرێت پڕۆژەی دەستەی وەبەرهێنانە، بەڵام پڕۆژەکەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بریتییە لە 9 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەتان کە لە ساڵی 2012ـەوە بەردی بناغەیان دانراوە و بەشێکیان تەواو بوون و بەشێکی دیکەشیان لە قۆناخی جێبەجێکردندان.