بەرگریی شارستانیی سۆران: پێنج شاخەوانەکە رزگار کران
ئەو پێنج شاخەوانەی لە چیای هەڵگورد ونببون، کەمێک پێش ئێستا لەلایەن بەرگریی شارستانیی سۆران بە سەلامەتی دۆزرانەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 6ـی تشرینی دووەمی 2026، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی سۆران بە کوردستان24ـی راگەیاند، پێنج شاخەوانەکە چیای هەڵگورد رزگار کران.
بەگوتەی بەرگریی شارستانیی سۆران، هەر پێنج شاخەوانەکە سەلامەتن و بە سەلامەتی گەڕێندراونەتەوە.
هەروەها رەوەند هاودیانی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 6ـی تشرینی دووەمی 2026، پەیوەندی بە ژووری کۆنتڕۆڵی بەرگریی شارستانیی سۆرانەوە کراوە و ئاگادار کراونەتەوە لەوەی گروپێکی شاخەوانی لە حەوت کەس پێکهاتوون و خەڵکی پارێزگای دهۆکن، بە مەبەستی شاخەوانی و گەشت سەردانی چیای هەڵگۆردیان کردووە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران روونیشی کردەوە، بەهۆی دروستبوونی تەمومژ و کڕێوە و خراپیی کەشوهەوا لە لووتکەی چیاکە، پێنج کەس لە ئەندامانی ئەو گروپە شاخەوانییە رێگەیان لێ تێکچووە و ونبوون، کە تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
دەربارەی هەوڵەکانی ڕزگارکردنیش، هاودیانی ئاماژەی بەوە کرد کە دەستبەجێ پێنج تیمی بەرگریی شارستانی بە سەرپەرشتیی کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرگریی شارستانیی چۆمان گەیشتوونەتە ناوچەکە و، گەڕان و پشکنینی چڕ لە نێو بەفر و تەمومژدا بەردەوامە بۆ دۆزینەوە و بەهاناوەچوونی شاخەوانەکان.
شڤان رێکانی، ئەندامی تیمی شاخەوانی چیرۆکی ونبوونی هاوکارەکانی بۆ کوردستان24ـی باس کرد و گوتی: تیمی ئێمە لە چیای هەڵگورد لە هەشت کەس پێکهاتبوون دوو کەسمان لە کەمپ مابووینەوە و شەش ئەندامەکەی دیکە چووبوونە لووتکەی چیا، بەڵام بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر و تەمومژێکی چر رێگای گەڕانەوەیان ون کردبوو.
هەروەها ئاماژەی دا، دوای ئەوەی پەیوەندیمان لەگەڵ ئەوان نەما، فیدراسیۆنی شاخەوانی و بەرگریی شارستانی چۆمانمان لێ ئاگەدار کردەوە، بە هاوکاری ئەوان کە لە دوو تیم و 10 کەس پێکهاتبوون، شەش ئەندامەکانمان دۆزینەوە و ئێستاش بەڕێگان بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە لای ئێمە و تەندروستییان زۆر باشە.