ترەمپ: لەگەڵ ئێران لە گفتوگۆ داین
دۆناڵد ترەمپ، لە نوێترین لێدوانیدا بەر لە بەجێهێشتنی واشنتن، هۆکاری گۆڕینی سەرۆکی دیوانی کۆشکی سپی و دانانی ستیڤن میلەری روونکردەوە، هاوکات سەبارەت بە دۆخی گرژییەکانیش جەختی کردەوە کە واشنتن لە ئێران دەباتەوە و گفتوگۆکانیش بەردەوامن.
هەینی 6ـی تشرینی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کاتی بەڕێکەوتنی بۆ ویلایەتی فلۆریدا لە کۆشکی سپی وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و سەبارەت بەوەی کە پەیامی بۆ ئێران چییە، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "ئێمە لە ئێران دەبەینەوە، لەگەڵ ئێران زۆر باش دەڕۆین. گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەکەین و پێشتریش گفتوگۆمان کردووە. لە ماوەی حەوت مانگ یان شەش مانگیشدا هیچ سەربازێکمان لەدەستنەداوە."
ترەمپ لەبارەی هاتوچۆی کەشتیوانی لە کەنداو و گەرووی هورمز گوتی: "کردنەوەی گەرووی هورمز لە ئارادایە، لە رابردوودا بازرگانیی زیاتریان بە نەوت کردووە لەوەی کە پێشتر کردوویانە، ئێمەش زۆر بە باشی دەڕۆین و گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەکەین."
لە بەشێکی دیکەی پرسیاری رۆژنامەنووساندا سەبارەت بە هۆکاری دوورخستنەوەی سوزی وایڵز و لە وەڵامدا گوتی: "پێویستمان بە سەرۆکێکی نوێی دیوانی کۆشکی سپی بوو، سوزی دەچێتە بەشی ئۆپەراسیۆنە سیاسییەکان."
کاتێک پەیامنێرێک پرسیاری لێکرد کە دەیەوێت ستیڤن میلەر چ کارێک جیاواز لە سوزی ئەنجام بدات، ترەمپ لە وەڵامدا گوتی: "کارەکان بە باشی بەڕێوەببات."
سەبارەت بەوەی کە نزیکەی مانگێک لەمەوبەر رایگەیاندبوو "سفر لەسەدا ئەگەری هەیە سوزی وایڵز لە پۆستەکەی لاببرێت" و پرسیاری ئەوەی لێکرا کە چی گۆڕاوە تا ئەو بڕیارە بدات، ترەمپ گوتی: "پێموایە سوزی کارێکی زۆر باش و نایابی کرد، بەڵام ستیڤنیش کارێکی زۆر مەزنی کردووە.
ترەمپ لە وەسفی سەرۆکی نوێی دیوانەکەیدا زیاتر گوتی: "ستیڤن لە سەرەتاوە لەگەڵمدا بووە، لە بابەتەکان تێدەگات، لە رووی سیاسییەوە زۆر باشە، ئەو پیاوێکی زۆر باشە و کارێکی نایاب دەکات"