لە بەغدا دەست بەسەر 35 مووشەکدا گیرا
هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بازگەیەکی ناوچەی لەتیفییە لە باشووری بەغدا، دەستیان بەسەر بارهەڵگرێکدا گرت کە 35 مووشەکی هەڵگرتبوو و سێ چەکداری سەر بە گرووپە چەکدارەکانیش لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستگیر کران.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 6ـی تشرینی دووەمی 2026، لە دەوروبەری کاتژمێر 07:00، لە ناوچەی لەتیفییەی باشووری بەغدا، بارهەڵگرێکی جۆری (هینۆ) کە سێ چەکداری تێدابووە و 35 مووشەکی بارکردبوو، لە رێگەیەکی لاوەکی و قاچاخەوە هەوڵیداوە بەرەو ناوچەی جەرفولسەخر نزیک سنووری پارێزگای بابل بڕوات.
دەزگا ئەمنییەکان لەسەر بنەمای زانیاریی وردی هەواڵگری بەدواداچوونیان بۆ بارهەڵگرەکە کردووە و توانیویانە دەستبەجێ دەست بەسەر بارهەڵگر و مووشەکەکاندا بگرن و هەر سێ چەکدارەکەش دەستگیر بکەن. دواتر لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە ئەو سێ کەسە سەر بە لیوای 15ـی گرووپی رووحوڵڵان کە گرووپێکی چەکدارییە، و ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەی چڕی دەزگا ئەمنییەکاندان.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی رابردوودا حکوومەتی عێراق گوشاری زۆری خستووەتە سەر گرووپە چەکدارەکان بۆ ئەوەی چەکەکانیان دابنێن، هەرچەندە گرووپەکانی وەک حزبوڵڵا و نوجەبا پێشتر رایانگەیاندبوو بە هەموو شێوەیەک چەکدانان رەتدەکەنەوە، بەڵام بۆ ماوەیەک چالاکییەکانیان راگرتبوو.
دەستبەسەرداگرتنی ئەم مووشەکانە دەریدەخات کە گرووپە چەکدارەکان دەستبەرداری چەکەکانیان نەبوون، بەڵکو سەرقاڵی خۆڕێکخستنەوە و لە دۆخی ئامادەباشیدان بۆ هەر ئەگەرێکی سەرهەڵدانەوەی جەنگ و پێکدادان لە نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، تاوەکو لە رێگەی گواستنەوەی چەک و مووشەک بۆ پێگە ستراتیجییەکانی وەک جەرفولسەخر، خۆیان بۆ هەر سیناریۆیەکی نەخوازراو لە ناوچەکەدا ئامادە بکەن.