مووشەکێکی کروزی حووسییەکان لە ریاز تێکشکێندرا
ئەمڕۆ شەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2026، گوتەبێژی فەرمی بە ناوی هێزی هاوپەیمانیی پاڵپشتی یەمەن رایگەیاند، مووشەکێکی کروزی حووسییەکان لە ریاز تێکشکێنرا.
لیوا روکن تورکی مالیکی، گوتەبێژی فەرمی بە ناوی هێزی هاوپەیمانیی پاڵپشتی یەمەن رایگەیاند، بەرە بەیانی ئەمڕۆ شەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2026، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی مووشەکێکی جۆری کروزی لە ئاسمانی ریازی پایتەختی سعوودیە تێکشکاند.
تورکی مالیکی ئاشکرایکرد، ئەو مووشەکە لەلایەن حووسییەکانەوە ئاراستەی ریاز کرابوو، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە ئامانجەکەی، لەلایەن سیستەمی بەرگرییەوە خرایە خوارەوە.
هەینی 6ـی تشرینی دووەمی 2026، لیوا روکن تورکی مالیکی، لە پلاتفۆڕمی "ئێکس" بڵاویکردەوە هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی توانیویانە لە ئاسمانی شاری مەککەی پیرۆز هێرشێکی درۆنی تێکبشکێنن پێش ئەوەی بگاتە ئامانجەکەی.
ئەمە دووەمین هێرشی درۆنییە لە ماوەی 72 کاتژمێری رابردوودا دەکرێتە سەر شاری مەککە، هێرشەکەی پێشوو رۆژی سێشەممەی رابردوو (3ـی ئەم مانگە) کرابوو، لە هەمان کاتیشدا دوو درۆنی دیکەی بۆمبڕێژکراو لە ئاسمانی ریازی پایتەختی سعوودیە لەلایەن سیستەمی بەرگرییەوە خرانە خوارەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، هێرشە درۆنییە بۆمبڕێژکراوەکان و تەقاندنی مووشەکی بالیستی بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی سعوودیە، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ توندتربوونەوەی شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم دواییەی سوپای سعوودیە و هێزەکانی هاوپەیمانان لەگەڵ چەکدارە حووسییەکانی یەمەن.