شانۆگەرییەکی کوردی لە میسر خەڵاتێکی تایبەتی بەدەستهێنا
گروپی شانۆیی هەوار لە یازدەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی گەنجانی شەرم شێخ لە میسر، بە نمایشکردنی شانۆگەریی "لەودیو دەرگا داخراوەکانەوە" توانی خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەران بەدەست بهێنێت.
شەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2026، نەژاد نەجم، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند: لەو فێستیڤاڵەدا 11 نمایشی شانۆیی لە شەش وڵاتی وەک میسر، عێراق، سعوودیە، قەتەر، ئیمارات و رۆمانیا پێشکەش کران و بەشە سەرەکییەکانی فێستیڤاڵەکە بریتی بوون لە شانۆی گەورە، مۆنۆدراما و شانۆی شەقام.
نەجم سەبارەت بە گرنگیی فێستیڤاڵەکە گوتی: ئەو فێستیڤاڵە یەکێکە لە چالاکییە شانۆییە نێودەوڵەتییەکانی میسر کە بە ئامانجی پشتیوانیکردن لە شانۆی گەنجان، ناساندنی ئەزموونە شانۆییە جیاوازەکان و دروستکردنی پەیوەندیی هونەری لەنێوان شانۆکارانی وڵاتانی جیاواز ساز دەکرێت. ئەو فێستیڤاڵە دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئەوەی شانۆکارانی کورد و عێراقی بتوانن ئەزموونەکانیان لە ئاستێکی نێودەوڵەتیدا پیشان بدەن، لەگەڵ ئەزموونی شانۆکارانی جیهان ئاشنا ببن و پەیوەندییەکی هونەری و پیشەیی لەگەڵیان دروست بکەن.
نەژاد نەجم دەربارەی چیرۆکی نمایشەکە روونیکردەوە، شانۆگەرییەکە باس لە رووداوەکانی پشتی دەرگا داخراوەکان و بابەتە هەستیارەکانی سەردەمی ئێستا دەکات. نمایشەکە تیشک دەخاتە سەر ئەو کردەوە توندوتیژییانەی رووبەڕووی خەڵکانێکی بێتاوان دەبنەوە و کۆمەڵگە چۆن کەسێکی پاک و بێگەرد بەهۆی نەهامەتییەکانەوە ناچار بە توندوتیژی دەکات و دەیگۆڕێت بۆ کەسێکی ناتەندروست.
شانۆگەریی "لەودیو دەرگا داخراوەکان" لە سینۆگرافیا و دەرهێنانی نەژاد نەجمە و لە نووسینی مەلاک ئەحمەدە. هاوکات هاوسەر ئیدریس، سەلام زەنگەنە و دارا عزەددین رۆڵی تێدا دەگێڕن.
