لە زاخۆ هاووڵاتییەک بەهۆی هەورەبرووسکەوە گیانی لەدەستدا

لە زاخۆ، هەورەبرووسکە لە هاووڵاتییەکی دا و بەو هۆیەوە دەستبەجێ گیانی لەدەست دا، پۆلیسیش تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی داد کرد.

موقەدەم ئەحمەد رەمەزان گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ، بە مێهڤان مەجید، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 07ـی تشرینی دووەمی 2026، بەهۆی هەورەبرووسکەوە هاووڵاتییەک لەو شارە گیانی لەدەست دا.

بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ، رووداوەکە نزیکەی کاتژمێر 10:00ـی بەیانی، لە نێو مەیدانی ئاژەڵانی زاخۆ روویداوە و هاووڵاتییەکە تەمەنی 32 ساڵە. 

گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ باسی لەوە کرد، دەستبەجێ تەرمی ئەو هاووڵاتییە بۆ پزیشکی دادی زاخۆ رەوانە کراوە.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەو هاووڵاتییە تەنیا بە مەبەستی کڕینی ئاژەڵ سەردانی ئەو بازاڕەی کردبوو و لەو کاتەدا هەورەبرووسکە لێی داوە. 

لە وەرزی پاییز و بەهاردا بەهۆی گۆڕانکارییە خێراکانی کەشوهەوا و دروستبوونی هەورەبرووسکەی بەهێز لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، ساڵانە چەندین رووداوی هاوشێوە روو دەدەن. زۆربەی قوربانییەکانی ئەم جۆرە رووداوانە ئەو کەسانەن لە کاتی بارانبارین و هەورەبرووسکەدا لە شوێنە کراوەکان، دەشتاییەکان، شاخەکان و مەیدانەکانی ئاژەڵاندا دەمێننەوە. 

لایەنە پەیوەندیدارەکان و شارەزایانی کەشناسی بەردەوام هۆشداری دەدەنە هاووڵاتییان، لە کاتی تێکچوونی کەشوهەوادا لە شوێنی کراوە، نزیک درەختی بەرز، تاوەری پەیوەندی و ستوونی کارەبا دوور بکەونەوە، تاوەکو گیانیان لە مەترسییەکانی هەورەبرووسکە پارێزراو بێت. لە ماوەی رابردووشدا لە چەندین ناوچەی دیکەی هەرێمی کوردستان رووداوی گیانلەدەستدان بەهۆی هەورەبرووسکەوە تۆمار کراون.