پێشبینی دەکرێت دوگمەیەک لە ئایفۆن 20 نەمێنێت
پێشبینی دەکرێت کۆمپانیای ئەپڵ لە دیزاینی ئایفۆنی 20ـدا دوگمەی ئەکشن لابدات و تایبەتمەندییەکانی لەگەڵ دوگمەی کۆنترۆڵی کامێرادا یەکیان بخات.
بەپێی زانیارییەکانی کەسێک بە ناوی ئینستانت دیجیتاڵ، کە لە بواری دزەپێکردنی زانیارییەکاندا کاردەکات، ئەپڵ پلانی هەیە لە ساڵی داهاتووەوە دوگمەی ئەکشن لە ئایفۆن لاببات. لەبری ئەمە، کۆمپانیاکە دوگمەی کۆنترۆڵی کامێرا بەکاردەهێنێت کە ئەرکەکانی هەردوو دوگمەکە لەخۆ دەگرێت.
شێوازی کارکردنی ئەو دوگمە یەکخراوە بەوجۆرە دەبێت کە بە پەستانێکی خێرا کامێرا کارا دەبێت، بەڵام بە پەستانێکی درێژخایەن، ئەو ئەرکانە جێبەجێ دەبن کە پێشتر بۆ دوگمەی ئەکشن دیاری کرابوون؛ وەک داگیرساندنی فلاش، خستنەسەر دۆخی بێدەنگی یان جێبەجێکردنی کورتکراوەکان.
ئەپڵ پێشتر لە ئایفۆن 16ـدا کە بە گرانترین ئامێری بەرهەمهێنراوی کۆمپانیاکە دادەنرێت، دوگمەی ئەکشنی لابردووە و تەنیا دوگمەی کۆنترۆڵی کامێرای بۆ داناوە، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کۆمپانیاکە بەو ئاراستەیەدا هەنگاو دەنێت.
پێشبینی دەکرێت ئەو گۆڕانکارییە لەگەڵ ئایفۆنە نوێیەکانی نیوەی دووەمی ساڵی 2027ـدا بێتە ئاراوە، کە هاوکاتە لەگەڵ بیستەمین ساڵیادی دەرچوونی یەکەم ئایفۆن لە جیهاندا.
سەرچاوەکە بڵاویکردەوە، پێویستە ئەم زانیارییانە بە هۆشیارییەوە وەربگیرێن. پێشتر هەمان سەرچاوە بانگەشەی گۆڕانی دیزاینی دوگمەی کۆنترۆڵی کامێرای بۆ ئایفۆن 18 کردبوو، بەڵام ئەو گۆڕانکارییە هەرگیز رووی نەدا، بۆیە ئەگەری هەیە ئەم دەنگۆیەش 100% راست دەرنەچێت.
سیاسەتی کەمکردنەوەی دوگمەکان و بەدیهێنانی دیزاینێکی سادە، لەگەڵ ستایلی گشتیی ئەپڵدا دەگونجێت. لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ ئەو بەکارهێنەرانەی پشت بە دوگمەی ئەکشن دەبەستن، رەنگە لابردنی ئەم دوگمەیە بە واتای لەدەستدانی تایبەتمەندییەکی دڵخواز بێت.