فراکسیۆنی پارتی و لیژنەی وەزاریی فیدراڵ لەبارەی پرسی بودجە، نەوت و مووچە کۆبوونەوە
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، شاندێکی فراکسیۆنەکەیان لەگەڵ لێژنەی وەزاریی حکوومەتی فیدراڵ کۆبووەوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی بەندەکانی پڕۆژەیاسای بودجە، دۆسیەی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ شەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2026، فراکسیۆنی پارتی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە دوای کۆبوونەوەی پێشووتری شاندی فراکسیۆنەکە لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ، بڕیاردرا لێژنەیەکی وەزاریی تایبەت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان و بەندەکانی پڕۆژەیاسای بودجە پێکبهێندرێت.
لێژنە وەزارییەکە بە سەرۆکایەتیی محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و بە ئەندامێتیی وەزیرانی نەوت، دارایی، ئاوەدانکردنەوە و دیوانی چاودێریی دارایی پێکهات. هاوکات شاندی فراکسیۆنی پارتی بە سەرۆکایەتیی شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و سەرۆکی فراکسیۆن لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، بە وردی گفتوگۆ لەبارەی کۆمەڵێک پرسی گرنگ و جێی بایەخ کرا، کە لە سەروویانەوە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی، دۆسیەی نەوت، زامنکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بوون.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، سەرجەم لایەنەکان هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی دروستکردنی کۆدەنگیی سیاسی لەسەر یاسای بودجە، بە شێوازێک کە زامنی دەستەبەرکردنی مافەکانی سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق بکات.
لە 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، کوردستان24 وەک یەکەم میدیا رەشنووسی بودجەی 2027ـی عێراقی بڵاوکردەوە، کە بەپێی رەشنووسی بودجە حکوومەتی عێراق خەرجییە گشتییەکانی بە 217 ترلیۆن دینار و داهاتەکانی بە 174 ترلیۆن دینار خەمڵاندووە و پشکی هەرێمی کوردستانیش کەمکراوەتەوە.