عەبوودی: ئەم هەفتەیە پرۆژەیاسای بودجە پەسەند دەکرێت

حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ تاوتوێکردنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 تەرخان دەکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 07ـی تشرینی دووەمی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق (واع)، رایگەیاند، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی کردووە، دانیشتنی رۆژی سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026ـی ئەنجوومەنی وەزیران  بۆ تاوتوێکردنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027، تەرخان بکرێت تاوەکو دواتر پەسەند بکرێت و رەوانەی پەرلەمانی عێراق بکرێت.

گوتەبێژی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا، بودجەی ساڵی 2027 پشت بەو شێوازە دەبەستێت کە تەرخانکردنی دارایی بە ئەنجامە ئامانجدارەکانەوە ببەسترێتەوە.

هەروەها باسی لەوە کرد، پرۆژەیاساکە ئامرازی دارایی لەخۆ دەگرێت بۆ پشتیوانیکردنی گەشەپێدانی ئابووری و بەهێزکردنی توانای رووبەڕووبوونەوەی مەترسی و ئاڵنگارییەکان.

دەربارەی پرۆژە ستراتیژییەکانیش، حەیدەر عەبوودی ئەوەی خستەڕوو، لە بودجەی گشتیی ساڵی داهاتوودا هەردوو پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان و سندووقی سەروەریی نەوەکان وەک پێشینەیەکی ستراتیژیی حکوومەت جێگیر کراون و گرنگیی زۆریان پێ دەدرێت.

بڕیار بوو ئەمڕۆ شەممە، 07ـی تشرینی دووەم، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەربارەی پرۆژەیاسای بودجە کۆببێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ رۆژی سێشەممە دواخرا. لەم بارەیەوە سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەهۆی ناکۆکیی نێوان لایەنەکان لەسەر بودجە، کۆبوونەوەکە نەکرا.

شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، سبەی یەکشەممە، 08ـی تشرینی دووەمی 2026، شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027 گفتوگۆ دەکات.

دەربارەی پێکهاتەی شاندەکەی هەرێمی کوردستان، شێروان دووبەردانی باسی لەوە کرد، ئەمجارە ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لە نێو شاندەکەدا دەبێت و بڕیارە لەگەڵ سێ وەزیری عێراق تایبەت بە وەزارەتەکانی نەوت، دارایی و ئاوەدانکردنەوە کۆببێتەوە، بۆ ئەوەی چەندین پرسی دیکە جگە لە بودجە تاوتوێ بکات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان نەکراوە. حکوومەتی عێراق پشکی کوردستانی بە 12.67% دیاری کردووە و مەرجی هەناردەکردنی 450 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپاندووە. لە بەرانبەردا، هەرێمی کوردستان داوای کردووە پشکەکەی 14% بێت لە بودجەی گشتیی عێراق و شاندەکەی جەختی کردووەتەوە، ناتوانن رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکەن.

هەر بەپێی زانیارییەکان، حکوومەتی عێراق لە بودجەی ساڵی 2027، بڕی 13 تریلیۆن دیناری بۆ هەرێمی کوردستان دیاری کردووە، ئەم بڕە پارەیەش بەشی مووچە و خەرجییەکانی ناکات.

لە لایەکی دیکەوە کوردستان24 زانیویەتی، داهاتی عێراق بۆ ساڵی 2027 بە 174 تریلیۆن دینار خەمڵێندراوە و خەرجییەکانیش دەگەنە 217 تریلیۆن دینار. بەمەش 43 تریلیۆن دینار کورتهێنان لە بودجەدا دروست دەبێت و بڕیارە حکوومەت لە رێگەی قەرزی ناوخۆیی و دەرەکییەوە پڕی بکاتەوە.