وردەکاریی ئەو رووداوەی تێیدا پێنج ئەندامی یەک خێزان گیانیان لەدەست دا

لە رووداوێکی سەختی هاتوچۆدا لەسەر رێگەی نێوان کەرکووک بۆ تکریت، پێنج ئەندامی یەک خێزان گیانیان لەدەست دا.

ئەمڕۆ شەممە، 07ـی تشرینی دووەمی 2026، سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24، رایگەیاند، رووداوێکی سەختی هاتوچۆ لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان کەرکووک و تکریت بەدیاریکراوی لە نزیک ناحیەی رەشاد روویدا. رووداوەکە لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلدا بووە، یەکێکیان بارهەڵگر بووە و ئەوەی دیکەشیان ئۆتۆمبێلێکی بچووک بووە لە جۆری نیسان.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە دا، خێزانێکی شەش کەسی لە نێو ئۆتۆمبێلە نیسانەکەدا بوون و پێنج کەسیان لە شوێنی رووداوەکەدا دەستبەجێ گیانیان لەدەست داوە و نەتوانراوە بیانگەیەننە نەخۆشخانە.

 سۆران کامەران گوتی، تەنیا کچێکی تەمەن شەش ساڵان لە نێو ئۆتۆمبێلەکەدا رزگاری بووە، لە ئێستاشدا گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و لە ژێر چاودێریی پزیشکیدایە بۆ ئەوەی چارەسەری پێویستی بۆ بکرێت. 

سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکەش ئەوەی خستەڕوو، لە کاتی رووداوەکەدا کەشوهەوای ناوچەکە بەتەواوی تێکچووە و بەهۆی شەپۆلێکی زۆری بارانبارین لە شەوی رابردووەوە، رێگاکان خلیسک بوون و مەترسییان دروست کردووە.

رێگەی سەرەکیی نێوان کەرکووک و تکریت یەکێکە لە رێگە مەترسیدارەکانی عێراق و لە لایەن شۆفێرانەوە نازناوی (رێگەی مەرگ)ـی لێ نراوە. بەهۆی یەک سایدیی بەشێک لە رێگاکە، نەبوونی رووناکی، خراپیی قیڕتاوکردنەکەی و هاتوچۆی بەردەوامی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان، مانگانە دەیان رووداوی دڵتەزێنی هاتوچۆی تێدا روو دەدەن و بە دەیان کەسیش دەبنە قوربانی.