ئێران وردەکاریی هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر دوورگەی قشم ئاشکرا دەکات
سوپای پاسدارانی ئێران وردەکاریی ئەو هێرشانەی لە لایەن ئەمریکاوە کراوەتە سەر دوورگەی قەشم لە گەرووی هورموز راگەیاند.
شەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2026، حوسێن موحەبی، گوتەبێژی سوپای پاسداران لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو رووداوانەی شەوی هەینی لە گەرووی هورموز روویاندا، بە ئاژانسی هەواڵی ئیسنای گوت: "هێزەکانی ئێران ژمارەیەک گولەیان تەقاندووە و زۆربەی ئەو تەقینەوانەی بیستراون، ئۆپەراسیۆنی بەرگری بوون".
موحەبی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا روونیکردەوە: "ئەو ئۆپەراسیۆنانە هیچ پێشهاتێکی دیکەیان لێ نەکەوتووەتەوە". ئەو بەرپرسە بانگەشەی ئەوەشی کرد فڕۆکەیەکی ئەمریکی لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکاندا زیانی بەرکەوتووە، بەبێ ئەوەی وردەکاری لەسەر جۆری فڕۆکەکە یان سروشتی زیانەکە بخاتە روو.
هاوکات گوتەبێژی سوپای پاسداران رایگەیاند، سنووردارکردنی مەودای مووشەکە ئێرانییەکان هەڵگیراوە. موحەبی پێی وایە تاران تواناکانی نوێی خۆی لە مەیدانی جەنگدا دەردەخات، نەک لە رێگەی دروشم و لێدوانەوە و گوتی: "جەنگەکەمان نایەکسانە و دەتوانین لەو شوێنەی دوژمن چاوەڕێی ناکات، گورزی لێ بوەشێنین".
ئەم لێدوانانەی سوپای پاسداران دوای ئەوە هات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سوپای ئەمریکا هەینی هێرشی نوێ و سنوورداریان بۆ سەر پێگەیەکی ئێران بردووە و بنکەیەکی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانییان لە ماوەی چەند خولەکێکدا لەناوبردووە.
ترەمپ لە کاتی قسەکردن لەگەڵ رۆژنامەنووساندا گوتی: "بنکەیەکی بچووکی بەرگریی ئاسمانییان دروستکردبوو، بەڵام لە ماوەی 15 خولەکدا یان لەوانەیە 5 خولەکدا بە تەواوەتی لەناومان برد". بەگوێرەی ئاژانسی ئەسۆشێتید پرێس، سەرۆکی ئەمریکا هیچ وردەکارییەکی دیکەی لەسەر شوێنی بنکەکە یان سروشتی هێرشەکە نەخستە روو و تەنیا بە هێرشێکی سنووردار ناوی برد.
پێشتر راپۆرتە ئێرانییەکان باسیان لەوە کردبوو، شەوی هەینی دەنگی دوو تەقینەوە لە دەوروبەری ناوچەی سوزا لە دوورگەی قەشم بیستراوە. هەروەها تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران باسی لە بیستنی دەنگی تەقینەوە لە نزیک بەندەری خەمیر کردبوو.
ئەو پێشهاتانە لەکاتێکدان هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ رێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی کردەوە سەربازییەکان بەردەوامن. ئەم دۆخە پاش ئەوە هات ئەمریکا هەڕەشەی هێرشی بەرفراوانی بۆ سەر ئێران کرد، سەرەڕای ئەوەی ترەمپ رایگەیاند، پێشکەوتن لە دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە کردبوو کە لە مانگی شوباتی رابردووەوە، دەستیپێکردووە.