وەزارەتی ناوخۆ مەرج و رێکاری نوێ بۆ چارەسەرکردنی دۆخی بیانییە قاچاخەکان راگەیاند

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا لەو هاووڵاتییە بیانییانە دەکات بە رێگەی قاچاخ هاتوونەتە هەرێم و مۆڵەتی نیشینگەیان نییە، بە زووترین کات سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نیشینگەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن، بە مەبەستی دەستپێکردنی رێکارەکانی دەرچوون و گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەیان.

شەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2026، بەگوێرەی نووسراوی فەرمیی وەزارەتی ناوخۆ لە 2026/11/1 و لەسەر بنەمای ماددەی (12) و خاڵی (30 )ی پاشکۆی رێنمایی پێدانی ڤیزەی ئەلیکترۆنی و نیشینگەی هەرێمی کوردستان ( ژمارە 1ـی ساڵی 2021ـی هەموارکراو)، وەزارەتی ناوخۆ لە بەرامبەر وەرگرتنی مۆری دەرچووندا، تەنیا پێبژاردنێک بە بڕی 500 پێنج سەد هەزار دینار دەسەپێنێت، بێ ئەوەی ماوەی مانەوەی نایاسایی و سزاکانی پێشوو هەژمار بکرێن.

لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، ئەم هەنگاوە هاوکارییەکی گەورە بۆ ئەو بیانییانە دابین دەکات کە چەندان ساڵە بە رێگەی قاچاخ هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و بەهۆی نەبوونی نیشینگەی فەرمییەوە، سزای دارایی زۆر و قورسیان کەوتبووە سەر.

هاوکات بڕیارە نوێیەکە رێگەیان پێدەدات بە ئاسانکارییەکی داراییەوە کێشەی مانەوەی نایاساییان چارەسەر بکەن و بگەنەوە وڵاتی خۆیان.