سەرکەوت کاڕەش: لە دوێنێوە ئامادەکاریی بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو کراوە

بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، ئەو شەپۆلە بەهێزەی بارانبارین کە سەنتەری شاری هەولێری گرتەوە، لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا بەرەو سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان و بەشێکی سۆران دەڕوات؛ هاوکات دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە سەرەڕای زیانی ماددی لە چەند گەڕەکێک، هیچ زیانێکی گیانی لە سنووری هەولێر تۆمار نەکراوە.

شەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرکەوت کاڕەش، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند: لە دوێنێوە سەرجەم تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە تەواوی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواوەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر دۆخێکی نەخوازراو.

سەبارەت بە دۆخی ئەمشەوی هەولێر، سەرکەوت کاڕەش ئاماژەی بەوە کرد، رێژەی بارانبارینەکە یەکجار زۆر بوو، بەو هۆیەوە ئاستی ئاو لە زۆربەی شەقامەکانی سەنتەری شاری هەولێر بەرز بووەوە، بە تایبەت لە شەقامەکانی 60 مەتری، 100 مەتری و بەشێکی شەقامی 120 مەتری؛ بەهۆی ئەم دۆخەشەوە جەنجاڵییەکی زۆری هاتوچۆ دروست بوو و بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییان لە شەقامەکاندا گیریان خوارد.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەرگریی شارستانی روونی کردەوە، ئەوەی زۆر جێگەی مەترسی بوو لە سنووری شارۆچکەی کەسنەزان و گەڕەکی هەولێری نوێ بوو، کە بەداخەوە بەشێک لە هاووڵاتییان زیانیان پێگەیشت، بە جۆرێک ئاو چووەتە ناو ماڵەکانیان و ئاو بەشێک لە ئۆتۆمبێلەکانی بردووە؛ بەڵام سوپاس بۆ خوا تا ئێستا لە سنووری پارێزگای هەولێر هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە

هەروەها گوتی: بێگومان زۆرترین بڕی بارانبارینی ئەمڕۆ سەنتەری پارێزگای هەولێری گرتەوە، ئەم بارانەی ئەمڕۆ بڕەکەی زۆر بوو و بەڕاستی چاوەڕواننەکراو و پێشبینینەکراو بوو.


رۆیشتنی شەپۆلەکە بەرەو سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان

سەرکەوت کاڕەش هۆشداریی دا و گوتی: کەمێک پێش ئێستا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی ئێمەی ئاگادار کردەوە کە ئەم شەپۆلە بەهێزەی بارانبارین بەرەو ئاراستەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان و بە رادەیەکیش بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڕوات؛ بۆیە داوا لە هاووڵاتییانی خۆشەویستی ئەو سنوورانە دەکەین تکایە زۆر ئاگاداری خۆیان بن، چونکە شەپۆلی بارانەکە بەهێزە و بۆ حاڵەتی زۆر پێویست و گرنگ نەبێت لە ماڵەکانیان دەرنەچن.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەر لەوەی ئەم شەپۆلە روو لە پارێزگای هەولێر بکات، لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ رێژەیەکی زۆر باران باری و، بە داخەوە ئەمڕۆ سەر لە بەیانی لە زاخۆ بەهۆی هەورەبرووسکەوە هاووڵاتییەک گیانی لەدەستدا.

هاوکات کاڕەش داوای لە هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر کرد، لە ئەگەری روودانی هەر حاڵەتێکی نائاسایی و نەخوازراودا، دەستبەجێ پەیوەندی بە ژووری ئۆپەراسیۆنی بەرگریی شارستانییەوە بکەن لە رێگەی هێڵی گەرمی ژمارە (115).

 

توانای مەنهۆڵەکان و هۆکاری پەنگخواردنەوەی ئاو

سەبارەت بە کێشەی گیرانی ئاوەڕۆکان، روونی کردەوە، رێژەی بارانبارینەکە زۆر لە ئاستی ئاسایی زیاتر بوو، بۆیە زۆربەی مەنهۆڵەکان توانای ئەوەیان نەمابوو ئەو هەموو ئاوەی پێدا تێپەڕێت، بەو هۆیەوە ئاوەکە پەنگی دەخواردەوە و دەهاتەوە ناو شەقامەکان؛ ئەگینا ماوەی مانگێکە سەرجەم تیمەکانی شارەوانی هەموو ئەو شوێنانەی جێگەی مەترسی بوون و سەرجەم مەنهۆڵەکانیان بە تەواوی خاوێن کردبووەوە، بەڵام چڕیی بارانەکە ئەوەندە زۆر بوو کە ئاوەڕۆکان توانای لەخۆگرتنیان نەبوو.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرکەوت کاڕەش دەستخۆشی لە هاووڵاتییان کرد و رایگەیاند: ئەم چەند ساڵەی دوایی، هاووڵاتییان بە رێژەی 90% پابەندن بە رێنماییەکانی بەرگریی شارستانی، ئەمەش جێگەی دڵخۆشی و دەستخۆشییە.

لەبارەی پێشبینییەکانەوە گوتی: ئەم شەپۆلە بۆ سبەینێش بەردەوام دەبێت بەڵام کاریگەرییەکەی کەمتر دەبێت و هاوشێوەی ئەمشەو چڕ نابێت، هەروەها رۆژی سێشەممە ئەم شەپۆلەی بارانبارین بە تەواوی لە هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت و کاریگەریی لەسەر هیچ ناوچەیەک نامێنێت.