تیمی مەلەوانی: تەرمی منداڵەکەمان لە ئاوەکە دەرهێنا
ئەندامێکی تیمی مەلەوانی و فریاگوزاری لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، دوای هەوڵێکی زۆر تیمەکانیان توانیویانە لە نێو شەپۆلی بەخوڕی لافاوەکە لە گەڕەکی هەولێری نوێ تەرمی ئەو منداڵە دەربهێنن کە ئاو بردبووی و بەداخەوە گیانی لەدەستدابوو.
یەکشەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەندامەکەی تیمی مەلەوانی ڕوونی کردەوە، لەسەر فەرمانی عەقید تەها دەستبەجێ تیمەکانی مەلەوانیی خەبات و تیمی فریاگوزاریی هەولێر ئاراستەی گەڕەکی هەولێری نوێ کران بەهۆی هەبوونی ڕووداوێکی خنکان لە ناو ئۆتۆمبێلدا، و گوتی: "دوای گەیشتنمان و سەرەڕای تیژی و قووڵیی لافاوەکە، توانیمان منداڵەکە لە نێو ئاوەکە دەربهێنین، بەڵام بەداخەوە پێشتر گیانی لەدەستدابوو."
ئاماژەی بە سەختیی گەیشتنی تیمەکان کرد بەهۆی دروستبوونی قەرەباڵغییەکی یەکجار زۆر لەسەر شەقامەکان و گوتی: شەقامەکان بە تەواوی قەپات و کەپس بوون؛ بە ناچاری ئۆتۆمبێلەکەم لەسەر شەقامی 120 مەتری جێهێشت و بە ڕاکردن و بە پێ هاتم بۆ گەڕەکی هەولێری نوێ تاوەکو بە هانای ئەو خێزانەوە بچم، چونکە مەترسی لەسەر گیانیان هەیە.
سەبارەت بە ڕەوشی ناوچەکانی دیکەی پایتەخت، ئەو ئەندامەی تیمی فریاگوزاری باسی لەوە کرد کە تیمەکانیان بەسەر ناوچەکاندا دابەش بوون و گوتی: "ئێستا مەفرەزەیەکمان لە ژێر پردی 120 مەترییە و خەریکی ڕزگارکردنی ئەو دەیان ئۆتۆمبێلەن کە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لەوێ ژێرئاوکەوتوون، بەڵام سوپاس بۆ خوا بێجگە لەم منداڵە هیچ حاڵەتێکی دیکەی خنکان لەو سنوورە تۆمار نەکراوە."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئەندامەکەی تیمی فریاگوزاری پەیامێکی بەپەلەی ئاراستەی هاووڵاتییان کرد و بە خەمبارییەوە گوتی: "تکایە تکایە، هەموو سەروەت و سامانی هەولێر ناهێنێت بە قەد گیانی ئەو منداڵەی لە دەستمان چوو! لە کاتی بارانی بەخوڕدا مەیەنە دەرەوە و ئاگاداری خۆتان بن؛ بەهۆی وەستانی ئۆتۆمبێلەکان شەقامەکان دادەخرێن و ڕێگە لە تیمەکانی فریاکەوتن دەگیرێت."