بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر: لە پێناو سەلامەتیی هاووڵاتییان وێستگەکانی ئیفراز بە کاتی راگیران

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر رایگەیاند، لە پێناو پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان، وێستگەکانی پاڵاوتنی ئاوی ئیفرازی 1، 2، 3 و وێستگەی فریاگوزاری بە شێوەیەکی کاتی راگیراون، هاوکات دابەشکردنی ئاو لە کاتەکانی داهاتوودا لە رێگەی ئاوی عەمبارکراوەوە دەستپێدەکاتەوە.

یەکشەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا، ئاشکرای کرد: "لە پێناو سەلامەتیی هاووڵاتییان، وێستگەکانی پاڵاوتنی ئاوی ئیفرازی 1، 2، 3 و وێستگەی فریاگوزاری بە شێوەیەکی کاتی راگیران."

بەڕێوەبەرایەتییەکە دڵنیایی دایە دانیشتووانی شاری هەولێر کە پرۆسەی دابەشکردنی ئاو پەکی ناکەوێت و دەڵێت: "دابەشکردنی ئاو لە رێگەی ئاوی عەمبارکراوەوە لە کاتەکانی داهاتوودا دەستپێدەکاتەوە."

ئەم رێکارە لە کاتێکدایە کە بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و دروستبوونی لافاوەوە، رێژەی لێڵیی ئاوی زێ بەرزدەبێتەوە، لە پێناو رێگریکردن لە تێکچوونی کوالێتیی ئاوی خواردنەوە و پاراستنی فلتەرەکان، وێستگەکانی پاڵاوتنی ئیفراز بۆ ماوەیەکی کاتی کارەکانیان رادەگرن.