هێمن قادر: هەرکەس سەرپێچی هاتوچۆی کردبێت لێخۆشبوونی بۆ دەکرێت

بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینە بەخوڕەی رووی لە شاری هەولێر کرد، ئاو لە چەندین گەڕەک و ناوچەی شارەکە پەنگی خواردەوە. هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بەهۆی پەنگخواردنەوەی ئاوەوە دوو هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و زیانێکی زۆری ماددیش بەر ماڵ و حاڵی هاووڵاتیان و بەرژەوەندییە گشتییەکان کەوتووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2026، جێگری پارێزگاری هەولێر زانیاری زیاتری خستەڕوو و رایگەیاند "زۆرترین زیان بەر رۆژهەڵاتی هەولێر کەوتووە، بەتایبەتی میحوەرەکانی پیرڕەش، سێبەردان، هەولێری نوێ و هیوا سیتی تاوەکو سنووری شارەوانی سێ." ئاماژەی بەوەشدا،  زیانەکان بەرفراوانن و گەیشتوونەتە فەرمانگەکانی حکوومەت، مۆڵ و مارکێتەکان، کۆگاکان، بازاڕە میللییەکان، ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان و ماڵی خەڵک، هەروەها چەندین شەقام و رێگای گوندەکانی دەرەوەی شاریش زیانیان بەرکەوتووە و تێکچوون.

سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، هێمن قادر هۆکارەکەی بۆ "سروشت و بارینی رێژەیەکی یەکجار زۆری باران لە ماوەیەکی کەمدا" گەڕاندەوە، وایکردووە ئاو لە دەرەوەی شارەوە بێتە ناو گەڕەکەکانی هەولێر، بۆ رێگریکردن لە مانەوەی ئاسەواری لافاوەکە، دڵنیایی دا، سەرجەم تیمەکانی خزمەتگوزاری و شارەوانییەکان بەردەوامن لە هەڵمەتی خاوێنکردنەوە و بەڵێنیدا "تا بەیانی هیچ ئاسەوارێکی پەنگخواردنەوە لە شەقامەکانی ناو شاری هەولێر و دەوروبەری نامێنێت."

بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، بەهاناوەچوونی هاووڵاتیان و رێکخستنەوەی کارەکان، جێگری پارێزگار ئاشکرایکرد، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیاردراوە بە پێکهێنانی سێ لیژنەی سەرەکی، کە بریتین لە:

1. لیژنەی دیاریکردنی زیانەکان و قەرەبووکردنەوە

لە رێگەی ناوەندی قەیرانەکان و بە هاوکاریی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، مانگی سووری عێراقی، رێکخراوەکان و تیمە خۆبەخشەکان، سەرقاڵی جەردکردن و تۆمارکردنی زیانەکانن. دوای کۆکردنەوەی داتاکان، راپۆرتێک ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت بۆ بڕیاردان لەسەر چۆنیەتیی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان.

2. لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی لافاوەکە

سەرەڕای ئەوەی لە مانگەکانی رابردوودا سەرجەم ئامادەکارییەکان و پاککردنەوەی ئاوەڕۆکان کرابوون، ئەم لیژنە تایبەتمەندە لێکۆڵینەوە دەکات بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا هیچ کەمتەرخەمییەکی تەکنیکی لە دروستبوونی لافاوەکەدا هەبووە یان نا.

3. لیژنەی لێخۆشبوونی هاتووچۆ

ئەم لیژنەیە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆوە پێکهێنراوە بۆ دیاریکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەهۆی لافاو و ئاستەنگی هاتووچۆوە بە ناچاری پێچەوانەی شەقام رۆیشتوون. بەڕێوەبەرایەتییەکە راسپێردراوە لێخۆشبوون بۆ ئەو شۆفێرانە دەربکات کە کامێراکانی چاودێری سزایان بۆ تۆمارکردوون، بە مەرجێک سەرپێچییەکە بەهۆی باری نائاسایی و بەهاناوەچوونەوە بووبێت، نەک بۆ مەبەستی سەرکێشی.