ئومێد خۆشناو: لە ماوەی دوو رۆژدا هەولێر پاک دەکرێتەوە
"پۆندی کەسنەزان لە ماوەی کاتژمێر و نیوێکدا سەرڕێژ بوو"
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: هەڵمەتی خاوێنکردنەوەی گەڕەک و ماڵە زیانلێکەوتووەکانی لافاو دەستی پێکردووە و لە ماوەی دوو رۆژدا تەواو دەبێت، هاوکات ئاشکرای کرد کە لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی لیژنەیەکی تایبەت بۆ خەمڵاندنی خێرای زەرەر و زیانی هاووڵاتییان پێکهێنراوە.
یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، دوایین زانیاری و وردەکاریی لەبارەی زیانەکانی لافاو، رێکارەکانی بەهاناوەچوون و پڕۆسەی پاککردنەوەی گەڕەکە زیانلێکەوتووەکان خستەڕوو.
پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: دەست کراوە بە هەڵمەتێکی فراوانی خاوێنکردنەوەی ماڵان و ئەو شوێنانەی کە بەهۆی بارانبارینەوە زیانیان پێگەیشتووە؛ بەپێی ئەو پلانەی دامانناوە لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا تەواوی پڕۆسەی خاوێنکردنەوەکە کۆتایی دێت. هاوتەریب لەگەڵ ئەمەشدا، لیژنەیەکی هاوبەشمان لە نێوان ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) و دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێکهێناوە تاوەکو سەرجەم زەرەر و زیانی هاووڵاتییان لە ماڵ، دوکان و شوێنە گشتییەکاندا تۆمار بکەن؛ هەوڵ دەدەین لە کورتترین ماوەدا ئەو خەمڵاندنانە تەواو بکەین بۆ ئەوەی قەبارەی راستەقینەی زیانەکان دەستنیشان بکرێت.
سەبارەت بە هۆکاری بەرزبوونەوەی لەناکاوی ئاستی ئاو لە سنووری کەسنەزان، ئومێد خۆشناو روونی کردەوە، نزیک رێگەی کەسنەزان یەکێک لە پۆندەکان هەیە؛ ساڵی رابردوو ئەو پۆندە لە دەستپێکی وەرزی بارانبارینەوە تاوەکو وەرزی بەهار ئینجا سەرڕێژ بوو، بەڵام دوێنێ تەنیا لە ماوەی یەک کاتژمێر و نیودا پۆندەکە سەرڕێژ بوو، تەنانەت بە بەرزیی مەتر و نیوێک ئاو بەسەر پۆندەکەدا دەهاتە خوارەوە. بەشێکی زۆری ئەو ئاوەی هاتە ناو گەڕەکەکان لە دەوروبەری شاری هەولێرەوە باریبوو و رژایە ناو کۆڵانەکانەوە، لە ناو سەنتەری شاریش بارانێکی زۆر باری، کە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی هاوبەشدا بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی رێژەی تەواوی بارانبارینەکەی پێ راگەیاندین.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پارێزگاری هەولێر جەختی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو بارودۆخێکدا لە خزمەتی هاووڵاتییاندایە، هەروەها سوپاسی دەزگاکانی راگەیاندنی کرد بۆ ڕووماڵی بەرپرسانە و راستەقینەی رووداوەکان، دەستخۆشیشی لە تەواوی خۆبەخشان کرد کە هاوکاریی هاووڵاتییانیان کرد.
هاوکات بە خەمبارییەوە رایگەیاند: بەداخەوە یەکێک لە قوربانییەکان گەنجێکی خۆبەخش بوو کە هاتبوو لەپێناو مرۆڤدۆستیدا گیانی هاووڵاتییان رزگار بکات، بەڵام لە کۆتاییدا خۆی لەناو ئاودا خنکا.
پارێزگاری هەولێر دووپاتی کردەوە، کە لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا سەرجەم گەڕەکەکانی ناو شار و دەوروبەری هەولێر بە تەواوی خاوێن دەکرێنەوە و هەموو رێگە داخراوەکان بە رووی هاتوچۆدا دەکرێنەوە، ئاماژەی بەوەش دا کە لە پاڵ زیانی هاووڵاتییان، کەرتی گشتی و ژێرخانی خزمەتگوزاریش زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.
دەشڵێت: ئێمە ساڵانە لە وەرزی پاییز و لە کۆتایی مانگی ئابەوە دەست بە ئامادەکارییەکان دەکەین؛ ئەمساڵیش بە هەمان شێوە ئەرکەکان بەسەر سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکاندا دابەش کرابوون، لەوانە شارەوانییەکان، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆ و بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێری. هەموو کارەکان جێبەجێ کرابوون، بەڵام لە گەڕەکی سێبەردان خاڵێکی لاوازمان هەیە کە قەیرانی دارایی بووەتە ڕێگر لەوەی تۆڕی ئاوەڕۆی پێویستی بۆ دروست بکرێت، هەرچەندە کاری خاوێنکردنەوەی پێشوەختەی بۆ ئەنجامدرابوو.
خۆشناو جەختی لەوە کردەوە، کە بڕی ئەو بارانەی باریوە لە پێشبینیی هیچ کەسێکدا نەبووە و بێگومان رێژە زۆر و بێپێشینەکەی بارانبارین هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی لافاوەکە بووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆمان، بە وردی لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی دیکەی دروستبوونی لافاو دەکەین و خاڵە لاوازەکان دەستنیشان دەکەین.
سەبارەت بە هەبوونی کەمتەرخەمی، پارێزگاری هەولێر هۆشداریی دا و گوتی: لە هەر شوێنێک و لە هەر کەسێک کەمتەرخەمی هەبووبێت، بە دڵنیاییەوە لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت، لەبارەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونیشەوە (سیتییەکان)، هەموو ساڵێک لەگەڵ دانانی پلانی حکوومەت، خاوەنی ئەو پڕۆژانە رادەسپێردرێن کە خاڵە لاوازەکان دەستنیشان بکەن و چارەیان بکەن؛ لەو بارەیەشەوە لێکۆڵینەوە دەکرێت و هەر لایەنێک کەمتەرخەم بووبێت، رووبەڕووی لێپێچینەوە دەبێتەوە.
لە بارەی کۆبوونەوەی ئاو لەناو تونێلەکانی سەر رێگە سەرەکییەکان، ئومێد خۆشناو روونی کردەوە، قەبارەی بارانبارینەکە بە جۆرێک زۆر بوو کە ئاوەڕۆی ئەو تونێلانە توانای ئەوەیان نەبوو هەموو ئەو ئاوە لەخۆ بگرن، بۆیە ئاو پەنگی خواردەوە، چونکە توانای تەکنیکیی ئاوەڕۆی تونێلەکان تەنیا لەو ئاستەدا بوو.
هاوکات پارێزگار ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی بارانی بەخوڕ و لێڵبوونی ئاو، پڕۆژەکانی ئاوی ئیفراز بۆ ماوەیەکی کاتی راگیراون و، دڵنیایی دا کە لە زووترین کاتدا پڕۆژەکان دەخرێنەوە گەڕ تاوەکو ئاوی خاوێن بگاتەوە ماڵان.
لە هەنگاوێکی مرۆیی و ئەمنیدا، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە لە کاتی لافاوەکەدا بە ناچاری پێچەوانەی ئاراستەی هاتوچۆ رۆیشتوون هیچ سەرپێچییەکیان بۆ هەژمار ناکرێت، چونکە زۆربەیان بۆ رزگارکردنی گیانی خۆیان و خەڵک پەنایان بۆ ئەو کارە بردووە؛ بۆیە لە کاتژمێر 5ـی ئێوارەی دوێنێوە تاوەکو ئەمڕۆ، هیچ ڕۆیشتنێکی پێچەوانەی شەقامەکان بە سەرپێچی هەژمار ناکرێت.
سەبارەت بە راگەیاندنی پشووی فەرمیش، خۆشناو ئاماژەی دا، هەر کاتێک پێویست بکات و دۆخەکە نالەبار بێت، حکوومەت بڕیاری پێویست دەدات؛ ئەگەر پێویست بکات پشوو رادەگەیەنرێت و ئەگەر پێویستیش نەکات راناگەیەنرێت، چونکە بڕیاری لەو شێوەیە پەیوەستە بە هەڵسەنگاندنی وردی بارودۆخەکە.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، پارێزگاری هەولێر رەخنەی لە کەمتەرخەمیی حکوومەتی فیدراڵ گرت و رایگەیاند: پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فریاگوزاری وەک پێویست رەوانە ناکرێت و ساڵانێکە زوڵم لە هەرێمی کوردستان دەکرێت، ئەو بڕە کەمەشی وەریدەگرین بەشی پێداویستییەکان ناکات. ساڵانی رابردوو کاتێک لافاو رووی دا، حکوومەتی عێراق بڕیاری دا تەنیا بە دوو ملیار دینار هاوکاریمان بکات، لە کاتێکدا زیانەکانمان نزیکەی 40 ملیار دینار بوو، بۆیە ئێمە وەک هەڵوێستێک ئەو هاوکارییەمان رەتکردەوە.
ئومێد خۆشناو گوتیشی: داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین ئەو بەشەی چەندین ساڵە لە بودجەی فریاگوزاری بۆمان تەرخان نەکراوە بۆمان بنێرێت؛ تا ئێستا بە یەک دیناریش هاوکاریی هەرێمی کوردستان نەکراوە. هیوادارین ئەمجارە بە چاوێکی دەستووری و دادپەروەرانەوە ئەو پشکەی لە بودجەی فریاگوزاری بۆمان دانراوە رەوانەی بکات.
ئاشکراشی کرد، کە لەسەر ئاستی عێراق، تەنیا پارێزگاری نەینەوا پەیوەندیی پێوەکردوون و ئامادەیی بۆ هاوکاری دەربڕیوە و، جگە لە ئەو هیچ بەرپرسێکی دیکەی حکوومەتی فیدراڵ پەیوەندیی نەکردووە؛ لە کاتێکدا سەرجەم پارێزگار و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان هاوخەمی و ئامادەیی خۆیان بۆ هەر پشتیوانییەک دەربڕیوە.
پارێزگاری هەولێر جەختی کردەوە، کە بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کارەساتی سروشتی کەس ناتوانێت گەرەنتیی رەها بدات، بەڵام ئەگەر ئەو پڕۆژانەی لە ساڵانی رابردوودا بۆ بەرگرتن لە لافاو دروستکرابوون وەک پۆندەکان، بەنداوەکان، دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقی و خاوێنکردنەوەی کەندەکان نەبوونایە، بە دڵنیاییەوە قەبارەی زیانەکانی لافاوەکەی دوێنێ دە هێندەی ئێستا دەبوو.
دوێنێ شەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2026، لە ئەنجامی هاتنی شەپۆلێکی چڕ و پێشبینینەکراوی بارانبارین بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کە چەقی قورساییەکەی لەسەر سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەری بوو، لە چەندین گەڕەک و شەقامی سەرەکیی شارەکە لافاو و پەنگخواردنەوەی ئاو دروست بوو.
بەرزبوونەوەی لەناکاوی ئاستی ئاو لە سنووری شارۆچکەی کەسنەزان و گەڕەکی هەولێری نوێ، بووە هۆی زیانگەیاندن بە دەیان ماڵ و ژێرئاوکەوتنی ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان، لە پاڵ دروستبوونی ئاستەنگییەکی قورسی هاتوچۆ لە زۆربەی جومگەکانی شارەکەدا.