وردەکاریی رێککەوتننامەی نوێی ئەمنیی عێراق و تورکیا
لیژنەی باڵای هاوبەشی نێوان عێراق و تورکیا، گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێی ئەمنییان راگەیاند، کە تێیدا لایەنی تورکی دەست دەکات بە رادەستکردنی قۆناخبەندیی سەربازگەی باشیک - زێلکان بە حکوومەتی فیدراڵ، هاوکات هەردوولا جەختیان لەسەر سەپاندنی تەواوەتیی دەسەڵاتی دەوڵەت لە شنگال و کۆتاییهێنان بە بوونی سەرجەم گرووپە چەکدارەکان کردەوە.
یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2026، شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڵاوی کردەوە، لیژنەی باڵای هاوبەشی نێوان عێراق و تورکیا بۆ تاوتوێکردن و یەکلاکردنەوەی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵات کۆبووەتەوە و، لەسەر سێ خاڵی سەرەکی و بنەڕەتی گەیشتوونەتە رێککەوتن.
یەکەم: دەسەڵاتدارانی عێراق و تورکیا، بەپێی ئەو رێککەوتنەی لە 23ـی ئەیلوولی 2026 لە نێوان سەرکردەکانی هەردوو وڵاتدا ئەنجامدراوە، ئیرادەی هاوبەشی خۆیان دووپات دەکەنەوە بۆ بەردەوامیدان بەو هەنگاوە شایستە و گرنگانەی کە تا ئێستا لە لایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە نراون بە ئاراستەی سەپاندنی تەواوەتیی دەسەڵاتی دەوڵەت لە قەزای شنگال و کۆتاییهێنان بە بوونی سەرجەم گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەکەدا.
دووەم: بە پێی ئەو رێککەوتنەی لەسەر ئاستی باڵای سەرکردایەتیی هەردوو وڵات پێی گەیشتوون، لایەنی تورکی رایدەگەیەنێت کە دەست دەکات بە گرتنەبەری رێکارە پێویستەکان لە لایەن خۆیەوە بە ئاراستەی رادەستکردنی قۆناخبەندیی سەربازگەی باشیک - زێلکان بە حکوومەتی عێراق.
سێیەم: بە مەبەستی دڵنیابوونەوە و سەرپەرشتیکردنی هاوبەش بەسەر بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیەی کە لە قەزای شنگال دەستیپێکردووە بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی گرووپە چەکدارەکان، هەردوولا بڕیاریان دا بە کاراکردنەوەی لیژنەی هەماهەنگی ئەمنیی هاوبەش، بە پێی ئەو میکانیزمەی کە پێشتر لەسەری رێککەوتبوون.
ئەمەش لە کاتێکدایە، پێنجشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڕیاری دابوو، بنکەی سەربازیی زێلکان لە باشیک رادەستی دەسەڵاتدارانی عێراق بکات.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردبوو، پرۆسەی رادەستکردنەکە بە شێوەیەکی پلەبەندی دەبێت و بەپێی ئەو میکانیزمە بەڕێوەدەچێت، کە پێشتر هەردوو وڵات لەسەری رێککەوتوون.
بنکەی سەربازیی باشیک - زێلکان دەکەوێتە ناحیەی باشیک لە پارێزگای نەینەوا و لە ساڵی 2015ـەوە هێزەکانی تورکیای تێدا جێگیر کراون. لە سەرەتادا مەبەست لە دروستکردنی ئەو بنکەیە، راهێنانپێکردنی هێزە عێراقییەکان بوو بۆ شەڕی دژی چەکدارانی داعش، بەڵام دواتر بووە خاڵێکی ناکۆکیی نێوان ئەنقەرە و بەغدا و چەندین جار عێراق داوای کشانەوەی هێزەکانی تورکیای لەو بنکەیە کردووە.
لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی ساڵی 2026، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر چەند پرسێک رێککەوتن.
بەپێی رێککەوتنەکە، تورکیا رازی بوو بە شێوەیەکی پلەبەندی بنکەکە رادەستی حکوومەتی عێراق بکات، لە بەرانبەردا عێراق دەسەڵاتی دەوڵەت لە شنگال بگەڕێنێتەوە و کۆتایی بە بوونی گرووپە چەکدارە بیانییەکان لەو ناوچەیە بهێنێت.