ترەمپ: دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان ئەمریکای گەڕاندەوە بۆ دواوە
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هەڵبژاردنی نیوەی خول کە تێیدا پارتی کۆماری کۆنترۆڵی کۆنگرێسی لەدەستدا، ئەمریکای بەرەو هەنگاوێکی گەورە بۆ دواوە گێڕاوەتەوە.
یەکشەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پلاتفۆڕمی تروس سۆشیاڵ نووسیویەتی: "ئەمریکا بەهۆی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی رابردوو، هەنگاوێکی گەورە بۆ دواوەی مێژوو گەڕاوەتەوە". ترەمپ گوتیشی: "نیگەران مەبن، ئێمە بەهێزتر و گەورەتر لە هەر کاتێکی دیکە دەگەڕێینەوە".
لە هەڵبژاردنی نیوەی خولدا سێشەممەی رابردوو بەڕێوەچوو، دیموکراتەکان سەرکەوتنێکی بەرچاویان بەدەستهێنا، ئەم دۆخەش چاودێرانی تووشی سەرسوڕمان و کۆمارییەکانی تووشی دڵەڕاوکێ کرد. ئەو شەپۆلە سیاسییە ناوچە زۆرینە کۆمارییەکانی وەک ویلایەتەکانی تێکساس لە باشوور و کانساس لە ناوەڕاستی گرتەوە، ئەمەش بەهۆی تووڕەییی دەنگدەران لە بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان بووە.
کۆمارییەکان بەهۆی لەدەستدانی زۆرینەی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران، ترەمپ رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەکەنەوە لە تێپەڕاندنی هەر یاسایەک تا کۆتاییهاتنی خولی سەرۆکایەتییەکەی لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا.
سەرۆکی ئەمریکا هیچ نیشانەیەکی سازشی بەرامبەر بە زۆرینەی نوێی دیموکراتەکان پێشاننەداوە. هەینیی رابردوو، ترەمپ بڕیاریدا ستیڤن میڵەر، یەکێکە لە سیمبۆلەکانی باڵی راستڕەوی توند، وەک سەرۆکی نوێی کارمەندانی کۆشکی سپی دیاریکرد.
هاوکات شەممەی رابردوو، ترەمپ رایگەیاند، پۆستی گوتەبێژی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی پێشکەش بە دانا وایت کردووە. وایت یەکێکە لە کەسە نزیکەکانی و بەڕێوەبەری پاڵەوانێتی یو ئێف سییە لە بواری هونەرە جەنگییە تێکەڵەکاندا.