نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق هاوسۆزی بۆ قوربانیانی لافاوەکەی هەرێمی کوردستان دەردەبڕێت

نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانیان و زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەرێمی کوردستان کرد و ئامادەیی خۆی بۆ پشتیوانیکردنی دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان دووپاتکردەوە.

یەکشەممە 8ی تشرینی دووەمی 2026، نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەی داوە، "نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆی ئاراستەی ئەو خێزانانە دەکات کە لە لافاوەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستاندا کەسوکاریان گیانی بەختکردووە، یان رووبەڕووی لەدەستدانی ماڵ و موڵکیان بوونەتەوە.

راگەیەندراوەکە ئاماژەی بە هەماهەنگیی نێودەوڵەتی لەگەڵ دامەزراوەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە و دەڵێت: "رێکخراو، سندووق و بەرنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرتاسەری عێراقدا، بە هەماهەنگییەکی نزیک لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار دەکەن بۆ باشترکردنی ئامادەیی بۆ بەدەمەوەچوونی حاڵەتە کتوپڕەکان و پێشخستنی ژێرخان و ئۆپەراسیۆنە مرۆییەکان."

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ ئەوەی لە کاتی پێویست و داواکردندا، پاڵپشتیی پێویست پێشکەش بە دەسەڵاتە نیشتمانی و خۆجێییەکان بکات بە مەبەستی بەهاناوەچوونی لێقەوماوان.

دوێنێ شەممە 7ی تشرینی دووەمی 2026، لە ئەنجامی هاتنی شەپۆلێکی چڕ و پێشبینینەکراوی بارانبارین بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کە چەقی قورساییەکەی لەسەر سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەری بوو، لە چەندین گەڕەک و شەقامی سەرەکیی شارەکە لافاو و پەنگخواردنەوەی ئاو دروست بوو.

بەرزبوونەوەی لەناکاوی ئاستی ئاو لە سنووری شارۆچکەی کەسنەزان و گەڕەکی هەولێری نوێ، بووە هۆی زیانگەیاندن بە دەیان ماڵ و ژێرئاوکەوتنی ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان هەروەها دوو کەس بوونە قوربانی، لە پاڵ دروستبوونی ئاستەنگییەکی قورسی هاتوچۆ لە زۆربەی جومگەکانی شارەکەدا.