مووسا ئەحمەد: بە 10 تیم لە خزمەتی لێقەوماوانی لافاوەکەی هەولێرداین
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە لێدوانێکی مەیدانیدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی دەستەی دامەزرێنەری دەزگاکە، 10 تیمی مەیدانی لە چەندین گەڕەکی شاری هەولێر بەردەوامن لە پێشکەشکردنی هاوکاریی خێرا، پاککردنەوەی ماڵ و شەقامەکان و سەرژمێریکردنی زیانەکان.
یەکشەممە 8ی تشرینی دووەمی 2026، مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە میانی بەسەرکردنەوەی گەڕەکە زیانلێکەوتووەکانی پایتەخت، سەرەخۆشیی لەو خانەوادانە کرد کە لە لافاوەکەی شەوی رابردوودا کەسوکاریان گیانیان لەدەستدا و سوپاسی خەڵکی کوردستان و ئەو رێکخراو و کۆمپانیایانەی کرد کە لە سەرەتای رووداوەکەوە ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاری دەربڕیوە.
مووسا ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد: لە کاتژمێرەکانی سەرەتای دروستبوونی لافاوەکەوە، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دەستەی دامەزرێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، راسپێردراین کە هاوبەشی لەگەڵ تیمەکانی حکوومەتدا بکەین و ئەوەی لە تواناماندا بێت بیخەینەگەڕ بۆ بەهاناوەچوونی خەڵک.
سەبارەت بە شێوازی کارکردنی تیمەکانیان، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی روونی کردەوە کە بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ پارێزگای هەولێر و ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCCC)، دەزگاکەیان 10 تیمی پێکهێناوە و لەسەر سێ تەوەری سەرەکی کار دەکەن:
1. تۆمارکردن و سەرژمێریی زیانەکان: تیمەکان بە هاوبەشی لەگەڵ JCCC بەسەر ماڵە زیانلێکەوتووەکاندا دەگەڕێن و قەبارەی زیانەکان بە داتایەکی رێکوپێک تۆمار دەکەن تاوەکو رادەستی پارێزگار و لایەنە پەیوەندیدارەکانی بکەن.
2. دابینکردنی ژەمەخۆراکی گەرم: بە بەردەوامی ژەمی گەرم بۆ ئەو خێزانانە دابین دەکرێت کە ماڵەکانیان ئاوی تێچووە و کەرەستەکانیان لەکارکەوتووە، هاوکات بۆ ئەو تیمە حوکمی و خۆبەخشانەش کە سەرقاڵی کارکردنن لە گەڕەکەکاندا.
3. پاککردنەوەی کۆڵان و شەقامەکان: بە هاوبەشی لەگەڵ تیمەکانی شارەوانی و ژمارەیەک کۆمپانیای کەرتی تایبەت کە ئامێرەکانیان خستووەتە خزمەت پرۆسەکە، رێڕەوی هاتوچۆی گەڕەکەکان و نێوماڵی هاووڵاتییان لە پاشماوەی قوڕولیتە پاک دەکرێنەوە.
مووسا ئەحمەد جەختی لەوەش کردەوە، لە پاڵ ئەم هەنگاوانەدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەستیکردووە بە گەیاندنی پێداویستییە سەرەتایی و خێراکان بە خێزانە زیانلێکەوتووەکان، لەوانە دابەشکردنی بەتانی، دۆشەک، سۆپا و پاکێجی خۆراک، و دڵنیاییشیدا کە لە کار و خزمەتەکانیان بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی پێداویستییەکانی هاووڵاتییان دابین دەکرێن.