عێراقچی بۆ ئەمریکا: مەرجەکانمان جێبەجێ نەکەن دۆزەختان بەسەردا دەبارێنین

وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکی تونددا هۆشداری دەداتە ئەمەریکا و ڕایگەیاند، دەنگدەرانی ئەمەریکی بڕیاری خۆیان داوە و ئێستا کاتی ئەوەیە کۆشکی سپیش بڕیاری خۆی بدات.

یەکشەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە، پێشنیازەکەیان بۆ واشنتن لەسەر مێزە و گوتی: پێشنیارە دوو ڕۆژییەکەمان هێشتا لە جێی خۆیدایە، مەرجەکان جێبەجێ بکەن، لەوانەش کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەموو بەرەکاندا، لە بەرامبەردا ئەنجامەکان دەبینن.

وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دا و گوتی: یان جەنگ هەڵبژێرن و ببینن چۆن جەنگاوەرە جەنگاوەرەکانمان دۆزەختان بەسەردا دەبارێنن.

ئەم پەیامەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای ئەوە هات، چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، عێراقچی، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، تاران لە پەیوەندیی چڕ و بەردەوامدایە لەگەڵ نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکان بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئەو بیرۆکانەی کە زامنی جێبەجێکردنی پێشنیازەکەی تاران دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

وەزیری دەرەوەی ئێران، گوتی: پلانی حەوت رۆژە کە لە لایەن ئێرانەوە پێشنیاز کراوە، لە ئەگەری رەزامەندیی لایەنەکان و جێبەجێکردنیدا دەتوانرێت لە ماوەی کەمتر لە یەک هەفتەدا ئەنجام بدرێت.

پێشتر عێراقچی رایگەیاندبوو، کە ئەم دەستپێشخەرییە ڕێگە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز خۆش دەکات دوای جێبەجێکردنی کۆمەڵێک مەرجی دیاریکراو؛ بەڵام بەهۆی رەتکردنەوەی پێشنیازەکە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە، قەتەر هەوڵە نێوەندکارییەکانی زیاتر چڕ کردووەتەوە.

دواتر بە هەوڵی نێوەندگیرەکان جارێکی دیکە ماوەی جێبەجێکردنی پلانەکە چەند رۆژێکی دیکە درێژکرایەوە. 

رەشنووسی نوێی دەوحە بۆ ئاگربەست

ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای ئاگادار لە رەوتی دانوستانەکان ئاشکرای کرد، کە شاندی قەتەر، ڕۆژی یەکشەممەی رابردوو، رەشنووسێکی نوێیان پێشکەشی ئێران کردووە بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتن و راگرتنی جەنگ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل.

ئەو بەرپرسە باسی لەوە کرد، کە رەشنووسە نوێیەکە لەسەر بنەمای خشتەیەکی زەمەنیی حەوت رۆژە داڕێژراوە، کە تێیدا چەندین هەنگاوی دوولایەنە بۆ بنیاتنانی متمانە و چارەکردنی نیگەرانی و داواکارییەکانی هەردوو لایەنی واشنتن و تاران دیاری کراون، هاوکات چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو کۆتاییی ئەم هەفتەیە تاران وەڵامی فەرمیی خۆی لەسەر ئەو پێشنیازە نوێیە رابگەیەنێت.