شاخەوان سەعید: تا بەرەبەیان لە هەوڵی رزگارکردنی هاووڵاتییاندا بووین
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئاشکرای کرد، کە قەرەباڵخیی ناپێویستی شەقامەکان بۆ وێنەگرتن، لەگەڵ گیرانی مەنهۆڵەکان بەهۆی زبڵ و خاشاکی سەیرانگەکانەوە، دوو هۆکاری سەرەکی بوون کە ئەرکی تیمەکانی فریاگوزارییان لە کاتی لافاوەکەی هەولێردا قورس کردبوو.
یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2026، شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، تیشکی خستە سەر دۆخی مەیدانیی کاتی روودانی لافاوەکەی هەولێر و هۆکارەکانی دروستبوونی ئاستەنگ لەبەردەم تیمەکانی فریاکەوتندا.
لە دەستپێکی لێدوانەکەیدا، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی بنەماڵەی قوربانییانی لافاوەکە کرد و هیواخوازیی دەربڕی کە رووداوی لەو شێوەیە لە هەولێر دووبارە نەبێتەوە، هاوکات گوتی: دوێنێ شەو بۆ ئێمە وەک بەرگریی شارستانی و بۆ سەرجەم هاووڵاتییانی هەولێر شەوێکی زۆر سەخت و پڕ لە ئاڵنگاری بوو.
ئاماژەی بەوە کرد، ئێمە دوێنێ هەر زوو لە رێگەی دەزگاکانی راگەیاندنەوە هۆشداریمان بە هاووڵاتییان دابوو و داوامان لێکردبوون کە ئەگەر بۆ کاری زۆر گرنگ و پێویست نەبێت نەیەنە دەرەوە، بەڵام بەداخەوە دوو هۆکاری سەرەکی وایان کرد کە ئەرکی ئێمە لە شەقامەکان زۆر قورس ببێت.
سەبارەت بەو دوو هۆکارە، شاخەوان سەعید روونی کردەوە، هۆکاری یەکەم ئەوە بوو کاتێک شەپۆلەکە هات، خەڵکێکی زۆر لە دەرەوە بوون؛ زۆربەی هاووڵاتییان دەبینران کە تەنیا بۆ وێنەگرتن و سەیری لافاو هاتبوونە سەر شەقامەکان، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی جەنجاڵییەکی گەورەی هاتوچۆ و گیرانی شەقامەکان لەبەردەم ئۆتۆمبێلەکانی فریاگوزاری. هۆکاری دووەمیش بریتی بوو لەو زبڵ و خاشاکەی کە خەڵک لە کاتی چوونیان بۆ سەیران لە هاوینەهەوار و سەیرانگەکان فڕێیان دابوو؛ لافاوەکە ئەو هەموو پاشماوەیەی لەگەڵ خۆی هێنایە ناو شاری هەولێر، ئەمەش بووە هۆی گیرانی مەنهۆڵەکان و پەنگخواردنەوەی ئاو لە گەڕەکەکاندا، هەرچەندە تیمەکانی ئێمە لە ماوەی رابردوودا سەرجەم ئەو شوێنانەیان خاوێن کردبووەوە.
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە قەبارەی هەوڵە فریاگوزارییەکان کرد و گوتی: ئێمە دوێنێ شەو تاوەکو کاتژمێر سێ و نیوی بەرەبەیان بە شێوەیەکی بەردەوام وەڵامی پەیوەندی خەڵکمان دەدایەوە و تیمی پێویستمان بۆ رزگارکردنی گیانی هاووڵاتییان رەوانەی گەڕەکەکان دەکرد، بەڵام بوونی ئەو هەموو ئۆتۆمبێلە لەسەر شەقامەکان هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ دواکەوتنی گەیشتنی تیمەکانمان.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند: تیمەکانمان توانیویانە بە هانای سەدان هاووڵاتی بچن و ژمارەیەکی زۆر لە لێقەوماوان رزگار بکەنم، بڕیارە سبەینێ ئاماری ورد و فەرمیی تەواوی ئەو ماڵ و هاووڵاتییانە بڵاوبکەینەوە کە لەلایەن تیمەکانمانەوە هاوکاری کراون.
هاوکات ستایشی هەڵوێستی مرۆڤدۆستانەی دانیشتووانی شاری هەولێری کرد لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی لافاوەکەی شەوی رابردوودا و، رۆڵی هاووڵاتییان و گەنجانی خۆبەخشی لە هاوکاریکردنی تیمەکانی فریاگوزاریدا بە "نموونەیی و جێگەی شانازی" لە قەڵەم دا.
شاخەوان سەعید رایگەیاند: مایەی دڵخۆشی و سەربەرزییەکی گەورەیە کە خەڵکی هەولێر لە کاتی هەر تەنگژە و رووداوێکی نەخوازراودا، گیانی هاوکاری و مرۆڤدۆستی پیشان دەدەن و بەدەم خەم و پێداویستیی یەکترەوە دەچن.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ بڵاوەپێکردنی تەواوی تیمە پسپۆڕەکانی بەرگریی شارستانی بۆ شوێنە زیانلێکەوتووەکان، ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی خۆبەخش بە مەبەستی پشتیوانیکردنی تیمەکان روویان لە گەڕەکەکان کرد و ئەو هەڵوێست و گیانی تەبایی و هاوکارییەی کە هاووڵاتییان تۆماریان کرد کەمهاوتا بوو؛ هەرچەندە ئەرکەکانمان لە کاتی لافاودا زۆر قورس و پڕ لە مەترسی بوون، بەڵام ئەو هاوسۆزی، هەماهەنگی و گیانی یەکڕیزییەی لە نێوان خەڵک و تیمەکانماندا دروست بوو، هێز و ورەیەکی زۆری پێ بەخشین بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سەختە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی دەڵێت: ئێمە خاوەن باڵەخانەکان پابەند دەکەین کە لە کاتی دروستکردنی ژێرزەمیندا سەرجەم رێنماییەکانی بەرگریی شارستانی وەک خۆیان جێبەجێ بکەن؛ لەوانەش کردوومانە بە مەرج کە دەبێت دەروازەی ژێرزەمینەکان بە جۆرێک بێت کە ئۆتۆمبێل و ئامێرەکانی فریاکەوتنی ئێمە بتوانن بە ئاسانی بچنە ناویەوە، هاوکات زیاتر لە دەرگایەکی چوونەژوورەوە و دەرچوونی هەبێت تا لە کاتی رووداوە نەخوازراوەکاندا لە زووترین کاتدا بگەینە شوێنی مەبەست.
هۆشداریشی دا لە شێوازی بەکارهێنانی ئەو شوێنانە و گوتی: پێویستە ژێرزەمینەکان وەک پەناگە بەکاربهێنرێن نەک بکرێنە کۆگا بۆ عەمبارکردنی کەلوپەل؛ چونکە گۆڕینیان بۆ کۆگا دەبێتە هۆی گیرانی دەرچە و رێڕەوەکانی ئاوەڕۆ بەهۆی کەلوپەلەکانەوە، ئەمەش لە کاتی لافاودا مەترسیی کارەساتی گەورە لەناو باڵەخانەکاندا دروست دەکات.
سەبارەت بە رێکارەکانی پێشگرتن لە مەترسیی کارەبا، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتی لافاوەکەی دوێنێ شەودا لە چەند شوێنێک شۆرتی کارەبا دروست بوو، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای هەولێر هەماهەنگییەکی تەواو و خێرای لەگەڵ ئێمەدا هەبوو؛ بە جۆرێک هەر ناوچەیەک مەترسیی لێ دروست بووبێت و داوامان کردبێت، دەستبەجێ بۆ پاراستنی سەلامەتی و گیانی هاووڵاتییان تەزووی کارەباکەیان بڕیوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، شاخەوان سەعید تیشکی خستە سەر هەوڵە مەیدانییەکانی ئەمڕۆ و گوتی: ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلە گەورەکانی بەرگریی شارستانی لەگەڵ تیمەکانی فریاگوزاری و رزگارکردن بە بەردەوامی بەسەر سەرجەم گەڕەکەکانی ناو شار و دەوروبەری هەولێردا گەڕاون؛ ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەهۆی لافاوەکەوە ژێرئاو کەوتبوون، لەناو ئاو دەرهێنراون و رادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە، هاوکات راپۆرتی فەرمی بۆ سەرجەم ئەو حاڵەتانە تۆمار کراوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، تیمەکانیان لە رێگەی تانکەرەکانی ئاوەوە ئەو شوێن و شەقامانەیان بە تەواوی خاوێن کردووەتەوە کە پێویستیان بە شۆردن و راماڵینی قوڕولیتە هەبووە، جەختیشی کردەوە کە بەرگریی شارستانی لە ئامادەباشیی تەواودایە و هەر هاووڵاتییەک پێویستی بە هاوکاری بێت لە خزمەتیدا دەبن.
دوێنێ شەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2026، لە ئەنجامی هاتنی شەپۆلێکی چڕ و پێشبینینەکراوی بارانبارین بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کە چەقی قورساییەکەی لەسەر سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەری بوو، لە چەندین گەڕەک و شەقامی سەرەکیی شارەکە لافاو و پەنگخواردنەوەی ئاو دروست بوو.
بەرزبوونەوەی لەناکاوی ئاستی ئاو لە سنووری شارۆچکەی کەسنەزان و گەڕەکی هەولێری نوێ، بووە هۆی زیانگەیاندن بە دەیان ماڵ و ژێرئاوکەوتنی ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان، لە پاڵ دروستبوونی ئاستەنگییەکی قورسی هاتوچۆ لە زۆربەی جومگەکانی شارەکەدا.