کۆنفرانسی COP31 بە بەشداریی هەرێمی کوردستان لە تورکیا دەستپێدەکات
ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2026، کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی کەشوهەوا (COP31) لە ئانتاڵیای تورکیا دەست پێدەکات و تا 20ـی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت، کە بە یەکێک لە گرنگترین کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکانی ژینگە لەژێر چەتری نەتەوە یەکگرتووەکان دادەنرێت و نوێنەرانی 196 وڵات و یەکێتیی ئەوروپا تێیدا بەشدارن.
هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا دەکات، کە دەرفەتێکە بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکانی پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەوا و پاراستنی ژینگە، بەتایبەتی لەبارەی پرسی کەمئاوی و وشکەساڵی.
هاوکات 11ـی تشرینی دووەم یەکێکە لە رۆژە سەرەکییەکانی کۆنفرانسەکە، کە تێیدا کۆبوونەوەی سەرانی وڵاتان و سەرکردە جیهانییەکان دەست پێدەکات و تا 12ـی مانگ دەخایەنێت. تیمی کوردستان24 لە ئانتاڵیا ئامادەیە بۆ رووماڵکردنی کارەکانی ئەم کۆڕبەندە نێودەوڵەتییە.
لە ئاستی دیپلۆماسی و سیاسیشدا، 91 سەرکردەی وڵاتان و حکوومەتەکان بەشداریی خۆیان پشتڕاستکردووەتەوە، لەگەڵ نزیکەی 300 وەزیر و هەزاران دیپلۆماتکار، شارەزا و ئەندامی شاندە فەرمییەکان. بەپێی پێشبینیی بەرپرسانی تورکیا، پێشبینی دەکرێت نزیکەی 1.5 ملیۆن کەس سەردانی ناوچەی کۆنفرانسەکە بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، نوێنەرانی هاوپەیمانیی جیهانیی کۆمەڵگە خاوەنەکانی خاک (GATC)، لەنێویاندا ژمارەیەک لە نوێنەرانی گەلانی رەسەنی کامیرۆن، لە کۆنفرانسەکەدا بەشدارن بۆ ئەوەی دەنگ و داواکارییەکانی گەلانی رەسەن و کۆمەڵگە ناوخۆییەکان لەبارەی پاراستنی خاک، دارستان و رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بگەیەنن.
لەو بارەیەوە بەلكیسوو بوبا، چالاکوانی مافی مرۆڤ و ژینگەپارێزی خەڵکی کامیرۆن رایگەیاند: "ئێمە وەکو گرووپی هاوپەیمانیی کۆمەڵگە خۆجێییەکان بەشداریمان لە کۆپ31 کردووە. ئامانجمان ئەوەیە هەموو سیاسەت و بڕیارەکانی ئەم بۆنە گرنگە بکەینە کردار. پڕۆژەیەکمان هێناوە و ناومان ناوە پڕۆژەی ژیان و دەمانەوێت بەشداربووانی ئەم کۆنفرانسە واژۆی لەسەر بکەن. وەکو ژن دەمانەوێت ژینگە و وڵاتەکەشمان بپارێزین، چونکە ژینگە بۆ ئێمە ژیانە."
هەروەها مێل کاراوای، چالاکوان و راوێژکاری بواری دادپەروەریی ژینگەیی لە ئەمریکا گوتی: "من لەگەڵ گرووپێک لە رێکخراوی ئایینیی قازانجنەویست هاتووم، چونکە باوەڕم وایە ژینگە و ئازادیی ئایینی پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە. ئێمە لەسەر یەک هەسارە دەژین و پێویستە دەنگی هەمووان ببیسترێت، چونکە چارەنووسمان لەسەر ئەم هەسارەیە بەیەکەوە بەستراوەتەوە. نەک تەنیا لە کۆنفرانسەکان، بەڵکو پێویستە بابەتی ژینگە و ژینگەپارێزی لەناو خێزان، قوتابخانە، کۆبوونەوە و وتارە ئایینییەکاندا باس بکرێت."
بەشداربوونی هەرێمی کوردستان لەم گفتوگۆ جیهانییانەدا، دەرفەتێکە بۆ خستنەڕووی ئاستەنگەکان و گەیاندنی پێداویستییەکانی ناوچەکە بە بڕیاردەرانی جیهان، لەبەر ئەوەی پاراستنی ژینگەی کوردستان و دڵنیابوون لە داهاتوویەکی سەوزتر، پێویستی بە هاوکاری و سەرنجی نێودەوڵەتی هەیە.