لارا شوانە: ژیریی دەستکرد جێگەی پزیشک ناگرێتەوە
داهێنەر و پزیشکانی کورد لە کۆنفرانسی وەرزیی کۆنفیدراسیۆنی پزیشکی و زانستیی کوردستان لە لەندەن، کاریگەرییەکانی هاتنەناوەوەی ژیریی دەستکرد و رۆبۆتەکان بۆ نێو نەخۆشخانەکان و ئەگەری بوونی ئەم تەکنەلۆژیایە بە شوێنگرەوەی پزیشکان تاوتوێ دەکەن.
لە میانی کۆنفرانسەکەدا، سنوورەکانی نێوان پزیشکی و تەکنەلۆژیا بەستراونەتەوە و نوێترین داهێنانە زانستییەکان خراونەتەڕوو. هاوکات پرسی پەیوەندیی نێوان ژیریی دەستکرد و پزیشکی بووەتە تەوەری سەرەکیی گفتوگۆی پسپۆڕان.
لارا شوانە، پسپۆڕی ژیریی دەستکرد لە بواری پزیشکیدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، پزیشکەکان دەتوانن برەو بە تواناکانی ژیریی دەستکرد بدەن و پەرەی پێ بدەن، تاوەکو وەک ئامرازێکی کاریگەر لە دەستنیشانکردنی نەخۆشیدا یارمەتییان بدات، بەڵام جەختیکردەوە، ئەم تەکنەلۆژیایە هەرگیز ناتوانێت جێگەی ژیری و بڕیاری پزیشک بگرێتەوە.
جگە لە پزیشک و شارەزایانی بواری تەندروستی، کۆنفرانسەکە دەرفەتی بەشداریکردنی بۆ قوتابیانی کوردیش رەخساندووە تا سوود لە زانیارییە نوێیەکان وەربگرن.
لانک سەڵاح، قوتابیی بەشی دەرمانسازی لەبارەی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسەکە بە کوردستان24ـی گوت "وەکو قوتابییەک ئەمڕۆ بەشداربووم، زۆر سوودم لێ بینی و لەم رێگەیەوە دەتوانیت پەیوەندی لەگەڵ قوتابیانی دیکە و ئەوانەی لە قۆناخی باڵاتردان دروست بکەیت."
جیاواز لە ساڵانی رابردوو، لەم خولەدا ژمارەیەک پسپۆڕ لە هەرێمی کوردستانەوە بەشدارییان کردووە، ئەمەش دەرفەتێکە بۆ گواستنەوەی نوێترین پێشکەوتنە زانستییەکان و ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونی پزیشکانی تاراوگە لەگەڵ ناوخۆ، بە ئامانجی خزمەتکردنی تەندروستیی گشتی.
کۆنفیدراسیۆنی پزیشکی و زانستیی کوردستان لە ساڵی 1988 دامەزراوە و لە قۆناخە جیاواز و دژوارەکاندا بەردەوام هاوکاریی هەرێمی کوردستانی کردووە.