عێراق سەنتەرێکی چاودێری هاتوچۆی لە شەقام و رێگاکان دامەزراند

وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی هاتوچۆی شەقام و رێگاکان، کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ و دۆزینەوەی سەرپێچیکاران، سەنتەرێکی چاودێریی پێشکەوتووی دامەزراند.

عەقید حەیدەر شاکر، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هاتوچۆی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەنتەرێکی تایبەت بە سیستمی پێشکەوتوو و ژیریی دەستکرد دامەزراوە و لەو رێگەیەوە چاودێریی سەرجەم شەقام و رێگاکان و هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکان دەکرێت.

حەیدەر  شاکر گوتیشی "سەنتەرەکە بە کامێرا و تۆڕێکی گشتگیر بەستراوەتەوە و بەردەوام ڤیدیۆ و وێنەی شەقام و رێگەکان تۆمار دەکات و بۆ سەنتەرەکە دەیانگوێزێتەوە. دواتر ئەفسەران وردبینییان تێدا دەکەن پێش ئەوەی زانیارییەکان بگەنە دەست ئەو ئەفسەرەی تایبەتمەندە بە سزای پێبژاردن."

پرۆسەکە بە سێ قۆناخ جێبەجێ دەکرێت، کە تیایدا سەرپێچییەکانی هاتوچۆ تۆمار دەکرێن و سزای پێبژاردنیان بۆ دەردەچێت.

سەنتەری چاودێریی هاتوچۆی شەقام و رێگاکان لەسەر رووبەری 1500 مەتر چوارگۆشە دروست کراوە. لە رێگەی سەدان کامێراوە جووڵە و هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکان بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و بە پشتبەستن بە سیستەمی ژیریی دەستکرد تۆمار دەکرێن و زانیارییەکان بۆ وردبینی دەگوازرێنەوە.