مارکۆ روبیۆ: جەنگی ئێران بڕیارەکە جەماوەری نەبوو بەڵام پێویست بوو
وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرگری لە بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ کرد بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ لە دژی تاران و بە هەنگاوێکی "پێویست" ناوزەندی کرد بۆ رێگریکردن لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە، هاوکات دانی بەوەشدا نا کە جەنگەکە هۆکاری سەرەکیی شکستی پارتی کۆماری بووە لە هەڵبژاردنی نیوەی خولدا.
دووشەممە 9ی تشرینی دووەمی 2026، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە لێدوانەکانی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کە شکستی کۆمارییەکانی بەستبووەوە بە جەنگی ئێرانەوە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە میانی بەشداریکردنی لە لووتکەی ئاسیان (ASEAN) لە فیلیپین رایگەیاند: زۆرجار ئەنجامدانی کاری دروست بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە سەختەکان، مەرج نییە لە رووی جەماوەرییەوە پەسەند بێت، بەڵام بڕیارێکی پێویست بوو."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختیشی کردەوە کە ترەمپ لە کاتی دەستپێکردنی جەنگەکەدا وەڵامی هەڕەشەیەکی تەواو راستەقینەی دایەوە.
سەرۆکی ئەمریکاش پێشتر بەرگری لە بڕیارەکەی کردبوو و بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندبوو: "ئەگەر بگەڕێمەوە بۆ رابردوو، لە رووی مێژووییەوە ئەم جەنگە بە یەکێک لە باشترین ئەو کارانە دادەنرێت کە کردوومانە، چونکە ئەگەر دەستیان بە چەکی ئەتۆمی بگەشتایە، جیهانیان دەتەقاندەوە."
سەرەڕای ئەم لێدوانانە، ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی (60 Minutes) رایگەیاند کە ئێستا بەدوای پەرەپێدانی زیاتری ململانێ سەربازییەکەدا ناگەڕێت.
سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و تاران بەرەوپێشچوونێکی ئەوتۆیان بەخۆوە نەبینیوە و گوتی: "ناڵێم لە لێواری لێکتێگەیشتنداین؛ ئێستا گفتوگۆکان زۆر بەرهەمدار نەبوون، چونکە داواکارییەکانی ئێران تەنیا ئەوە نییە جێگەی رەتکردنەوە بن، بەڵکو لە هەندێک حاڵەتدا شێتانە، گاڵتەجاڕانە و ناواقیعیین."
ئەم لێدوانانەی رۆبیۆ هاوکاتن لەگەڵ هەنگاوێکی نوێی تاران بۆ لابردنی سنوورداریی مەودای مووشەکە بالیستییەکانی، دوای ئەوەی سوپای ئەمریکا لە 7ی تشرینی دووەمدا هێزێکی تایبەتی بۆ رێگریکردن لە گەیشتنی چەکی ئێرانی راگەیاند.
حوسێن موحێبی، گوتەبێژی سوپای پاسداران پشتڕاستی کردەوە کە ئێران چیتر پابەند نابێت بە سنووری مەودای 2000 کیلۆمەتری بۆ مووشەکە بالیستییەکانی و ئەو سنووردارکردنەی لەسەر خۆی هەڵگرتووە.
هاوکات لە کاتێکدا ترەمپ ئاماژە بەوە دەکات ئەگەر دانوستانەکان بەرەوپێش بچن لێدانی سەربازیی نوێ بۆ سەر ئێران دوور دەبێت، کۆشکی سپی خۆی بۆ میوانداریکردنی سەرۆکوەزیرانی قەتەر ئامادە دەکات تاوەکو لە رێگەی نێوەندگیریی دەوحەوە رێککەوتنێک لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمیی تاران و کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی سەر کەشتیوانی لە گەرووی هورمز و ناوچەکە بێتە کایەوە.