پارچە موزیکی "یادە لەبیرکراوەکان" بڵاودەکرێتەوە
سەید ئەحمەد رواندزی، هونەرمەندی موزیکژەنی کورد، ئامادەکارییەکی موزیکی نوێی بە ناوی "یادە لەبیرکراوەکان"، پێشکەش دەکات، یەکێکە لە بەرهەمە موزیکییەکانی د. نەهرۆ زاگرۆس و بە شێوازێکی ئەکادیمی و رێکخستنێکی تەواوی هاڕمۆنی بۆ ژەنین ئامادە کراوە.
دووشەممە، 9ی تشرینی دووەمی 2026، سەید ئەحمەد رواندزی، هونەرمەندی موزیکژەنی کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "پارچە موزیکییەکە یەکێکە لە بەرهەمەکانی د. نەهرۆ زاگرۆس، خۆی کاری ئامادەکردن و دابەشکردنی موزیکییەکەی ئەنجام داوە و بە شێوازێکی زۆر ئەکادیمی، رێکخستنێکی ورد و تەواوی هاڕمۆنی بۆ داناوە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی موزیکی و هونەریی گونجاو پێشکەش بکرێت."
رواندزی سەبارەت بە گرنگیی ئەو بەرهەمە گوتی، "لەم بەرهەمەدا گرنگییەکی تایبەت بە رێکخستنی موزیکی و هاوتەریبی دەنگەکان دراوە، بە شێوەیەک هەموو بەشە موزیکییەکان لە چوارچێوەیەکی هاڕمۆنی و ئەکادیمیدا پێکەوە کار بکەن و کۆی پارچەکە بە دەنگێکی یەکگرتوو و رێکخراو بگاتە گوێگر."
رواندزی ئاماژە بەوەش دەکات بەشی ژەنینی سۆڵۆی کەمان لە پارچە موزیکییەکەدا خۆی ئەنجامی دەدات، ئەمەش بەشێکی گرنگی ئەم بەرهەمەیە؛ چونکە لە رێگەی دەنگی کەمانەوە هەوڵ دەدات هەست و رۆحی موزیکیی پارچەکە بخاتە ڕوو و دەربڕینێکی تایبەت بە بەرهەمەکە ببەخشێت."
سەید ئەحمەد رواندزی باسی لەوەش کرد، "ئامادەکردنی ئەم جۆرە بەرهەمانە پێویستی بە وردبینی و تێگەیشتنی موزیکی هەیە، بە تایبەتی کاتێک بەرهەمێک بە شێوازێکی ئەکادیمی رێکدەخرێتەوە و دابەشکردنێکی تەواوی هاڕمۆنی بۆ دادەنرێت؛ چونکە هەر ئامرازێکی موزیکی دەبێت لە شوێنی خۆیدا رۆڵی خۆی بگێڕێت و لەگەڵ بەشەکانی دیکەدا هاوتەریب بێت."
سەبارەت بە تۆمارکردنی ڤیدیۆ کلیپەکە، رواندزی دەڵێت، "کاری تۆمارکردنی ڤیدیۆکلیپی پارچە موزیکییەکەش لەسەر قەڵای هەولێر بەڕێوەدەچێت، ئەوێش یەکێکە لە شوێنە مێژوویی و کولتوورییە گرنگەکانی کوردستان و وەک هێمایەکی ناسراوی شاری هەولێر، شوێنێکی تایبەتی لە ناسنامەی مێژوویی و شارستانیی ئەم شارەدا هەیە."
رواندزی جەختی لەوەش کردەوە، "هەڵبژاردنی قەڵای هەولێر بۆ تۆمارکردنی ڤیدیۆکلیپەکە، رەهەندێکی بینەری و شوێنی تایبەت بە بەرهەمەکە دەبەخشێت و دەرفەتێکیشە بۆ ئەوەی موزیک لەگەڵ شوێنێکی مێژوویی و ناسنامەیی پێکەوە ببەسترێنەوە. بەم شێوەیە، جگە لە دەنگ و ژەنینی موزیکی، شوێنی تۆمارکردنی کلیپەکەش دەبێتە بەشێک لە ناساندنی ئەم بەرهەمە بە بینەر و گوێگرانی موزیک."
سەید ئەحمەد رواندزی، لە کۆتایی قسەکانی دا، هیوا دەخوازێت پارچە موزیکی "یادە لەبیرکراوەکان"، بە دڵی هەموو لایەک بێت و هەواداران و گوێگرانی موزیک بتوانن چێژ لەو بەرهەمە و لە ژەنینی سۆڵۆی کەمان و رێکخستنە هاڕمۆنییەکەی وەربگرن."
سەید ئەحمەد ڕواندزی، هونەرمەندی موزیکژەنی کورد، خەڵکی رواندزە، باوکی مرۆڤێکی هونەردۆست بووە و لە شاری رواندز خاوەن چایخانەیەک بووە شوێنی کۆبوونەوەی زۆرێک لە هونەرمەندە گەورەکانی کورد بووە وەکو، حەسەن زیرەک، تاهیر تۆفیق، کاوەیس ئاغا و مەزهەری خالقی. ناوبراو ژەنیارێکی بەتوانای ئامێری کەمانچەیە و رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە پاراستن و ژەنینی ئاوازە رەسەنە کوردییەکاندا. رواندزی چەندین ئاوازی گۆرانیبێژە گەورەکانی کوردی بە کەمانچەکەی دووبارە ژەنیوەتەوە، وەک ئاوازی گۆرانییەکانی وەک "قەت نەدەی ئازاری گیانی" کەریم کابان.