گەنجێکی کورد لە ئەزموونێکی جیاوازی سینەماییدا بزنێک دەکاتە ئەکتەری سەرەکی

ئیدریس شێخزادە، دەرهێنەر و فیلمسازی کورد، لە نوێترین بەرهەمی هونەریدا بزنێکی کردووەتە ئەکتەری سەرەکیی کورتەفیلمێک بە ناوی "کاک بزن"، کە چیرۆکەکەی لەسەر ململانێیەکی خێزانی و بڕیارێکی قورس دەخولێتەوە.

دووشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2026، ئیدریس شێخزادە، دەرهێنەر و فیلمسازی کورد بە کوردستان24ـی راگەیاند، "کورتەفیلمی "کاک بزن"، ماوەکەی 10 خولەکە، بە بەشداری هەر یەکە لە، ئەیام ئەکرەم، سامی شاکر، ئامێز جەوهەر، رۆژیار حەسۆ و لێزان سدیق، هەر یەکەیان رۆڵێک لە چیرۆکەکەدا دەگێڕن."

شێخزادە سەبارەت بە چیرۆکی فیلمەکە گوتی، "چیرۆکی فیلمەکە باس لە خێزانێک دەکات بەهۆی کەلەڕەقی و لەسەرخۆڕایی سەرۆکی خێزانەکە، بزنێک دەبێتە کێشەی سەرەکیی ناو خێزانەکە و ئارامی ژیانیان تێکدەدات. بوونی ئەو بزنە و رەفتاری سەرۆکی خێزانەکە لە بەرامبەریدا، کێشە و ناکۆکییەک دروست دەکات کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی ئەندامانی خێزانەکە دادەنێت."

ئەو دەرهێنەرە رایگەیاند،، "لەگەڵ گەورەبوونی کێشەکە، سەرۆکی خێزانەکە خۆی لەبەردەم دۆخێکی قورس و بڕیارێکی چارەنووسسازدا دەبینێتەوە، بڕیارێک کە دەبێت لە نێوان بزنەکە و خێزانەکەی یەکێکیان هەڵبژێرێت. بەو شێوەیە، بزنەکە دەبێتە خاڵی ناوەندیی چیرۆکەکە و رووداوەکان بە ئاراستەیەکدا دەبات و سەرۆکی خێزانەکە ناچار دەکات رووبەڕووی ئەو بڕیارە ببێتەوە."

سەبارەت بە بەرهەمهێنانی ئەو کورتەفیلمە، ئیدریس شێخزادە دەڵێت، "بەرهەمهێنانی ئەم کورتەفیلمە هەوڵێکی هونەریی تایبەتییە لەلایەن من بەرهەمهاتووە، من بڕوانامەی بەکالۆریۆسم لە بواری سینەما و شانۆ، لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەلاحەدین وەرگرتووە و ئەو کارەش بە هەوڵ و کاری هاوبەشی کۆمەڵێک گەنجی خاوەن حەز و ئارەزوو بۆ سینەما بەرهەمهاتووە."

کورتەفیلمی "کاک بزن"، لە دەرهێنانی ئیدریس شێخزادەیە و بڕیارە سەرەتا بۆ فێستیڤاڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بنێردرێت و دواتریش لە پەراوێزی فێستیڤاڵەکاندا نمایشبکرێت.