روونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرايەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێرەوە

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاگادارییەکی ئاراستەی هاووڵاتییان کرد و داوای لێکردن، هەر کەسێک بەهۆی لافاو تابلۆی ئۆتۆمبێلی دۆزیوەتەوە، رادەستی پەڕە و ئەکاونتەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی نەکات و بیباتە بنکەکانی پۆلیس و هاتووچۆ.

دووشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕوونکردنەوەیەکدا، ئاشکرای کرد: "داوا لەو هاووڵاتییانە دەکەین کە لە ئەنجامی لافاوەکەی شاری هەولێر تابلۆی ئۆتۆمبێلیان دۆزیوەتەوە، تابلۆکان رادەستی هیچ پەڕە و ئەکاونتێکی سۆشیاڵ میدیا نەکەن."

پۆلیسی هەولێر دەربارەی رادەستکردنەوەی تابلۆکان ڕوونی کردووەتەوە: "داواکارین تابلۆکان ببەن بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ، پۆلیسی پارێزگای هەولێر، بەشی پۆلیسی ونبووەکان، یان نزیکترین بنکەی پۆلیس و کەرتی هاتووچۆ، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دروست بگەڕێنرێنەوە بۆ خاوەنەکانیان."

لە شەپۆلی لافاوەکەی شەوی رابردووی شاری هەولێردا، بەهۆی بەهێزیی رێڕەوی ئاوەوە لە چەندین گەڕەک و شەقام، دەیان ئۆتۆمبێل کەوتنە بەر لافاو و ژمارەیەکی زۆر تابلۆی ئۆتۆمبێل کەوتبوونە نێو ئاو و قوڕولیتە، پۆلیسی هەولێریش هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە تاوەکو شتومەک و کەرەستە ونبووەکان بە رێگەی یاسایی بگەیەنێتەوە دەست خاوەنە سەرەکییەکانیان.