پسوولەی خۆراکی هەولێر هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی رێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر، هاووڵاتییان و بەتایبەت کارمەندانی پاسەوانی سنوور ئاگادار دەکاتەوە کە بەشەخۆراکی مانگانەی ئەندامانی خێزانەکانیان لە سەبەتەی حەوتەمدا گەڕاوەتەوە و دەتوانن لە رێگەی بریکارەکانیانەوە وەریبگرن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر ئاگادارییەکی بۆ ئەو هاووڵاتییانە بڵاوکردەوە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەشە ئازووقەکانیان راوەستابوو بەهۆی ئەوەی مووچەکانیان لە سەرووی یەک ملیۆن و 500 هەزار دینار بووە، بەتایبەتی ئەو فەرمانبەر و کارمەندانەی سەر بە پاسەوانی سنوورن و مووچەکانیان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە دابین دەکرێت.

بەپێی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر، لە بەشە ئازووقەی ئەمجارەدا کە سەبەتەی حەوتەمە و لەسەر لیستی مانگی 10 (تشرینی یەکەم) دابەش دەکرێت، بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی بەشەخۆراکەکەیان بڕدرابوو، ناویان گەڕاوەتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەندامانی ئەو خێزانانە دەتوانن لە رێگەی بریکارەکانی خۆراک لە گەڕەک و ناوچەکانی خۆیان، بەشە ئازووقەی سەبەتەی حەوتەم وەربگرن.

هاوکات بەڕێوەبەرایەتییەکە روونی کردووەتەوە، هەرچەندە ئەندامانی خێزانەکە لەمەودوا بەشە ئازووقەکەیان پێدەدرێت، بەڵام "سەرۆکی خێزان" لە وەرگرتنی بەشەخۆراک بێبەش دەبێت و بەشە ئازووقەی پێنادرێت، ئەوەش بەهۆی بەرزیی بڕی مووچەکەی کە لە سەرووی ملیۆن و نیو دینارەوەیە.