گەرمیان.. بەهۆی بارانبارینی بەلێزمە پۆند و بەنداوەکان سەرڕێژ بوون
بەهۆی شەپۆلێکی بارانبارینی بەلێزمە، زۆربەی ناوچەکانی گەرمیان داباریوە و پەڵەی داوە؛ ئەمە لە کاتێکدا ساڵی رابردوو تاوەکو بەرواری 8ی تشرینی دووەم هیچ بڕە بارانێک نەباریبوو، هاوکات ئەم بارانبارینە زۆرە پۆند و بەنداوەکانی ناوچەکەی پڕکردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا زیانی بە چەندین رێگوبان گەیاندووە.
لە زۆربەی ناوچەکانی گەرمیان بارانی پێویست داباریوە و پەڵەی داوە. ئەمە لە کاتێکدا ساڵی رابردوو تاوەکو بەرواری 8ی تشرینی دووەم یەک دڵۆپە باران لە سنووری گەرمیان نەباریبوو، هاوکات بارانی بەلێزمە پۆند و بەنداوەکانی گەرمیانیشی پڕکردووە.
بەراورد بە ساڵی رابردوو پایزی ئەمساڵ پڕبارانە، رێژەی زۆری باران و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە سنوری گەرمیان جیا لەوەی پۆند و بەنداوەکان لەگەڵ یەکەم شەپۆلی باران پڕ بوون، لە زۆر ناوچەی گەرمیانیش پەڵەی داوە.
خەلدوون عەبدلکریم، بەڕێوبەری بەنداوی باوەشاسوار لە کفری بە کوردستان24ی راگەیاند: بەنداوی باوەشاسوار لە کفری سەرڕێژ بووە و 20 سانتیم ئاوی سەرڕێژمان دەرهێناوە، لە 20 کاتژمێری رابردوو 30 ملم باران باریوە و کۆی گشتی 61.5 ملمە.
زۆری بارانبارین لە ماوەیەکی کەمدا زیانی بە چەندین رێگوبانی گەرمیان گەیاندووە. پردی بەیکبەستنەوەی گەرمیان و سەنگاو و چەمچەماڵ و سەدان گوندی ناوچەکە، لە ترسی هەرەسهێنان و داڕووخانی داخراوە و ئەمەش ئاستەنگی هاتوچۆی بۆ هاووڵاتییانی ناوچەکە دروستکردووە.
ئەرکان رەشید، هاووڵاتی گوتی: ئومێدەوارم دەنگمان بگات بە شوێنی مەبەست بۆ ئەوەی ئەو پردەمان بۆ چاک بکرێت چونکە ماوەی چوار ساڵە خەڵک هیلاک بووە بەدەست ئەم پردەوە، هەر تۆزێک باران ببارێت رێگە نامێنێت و قوتابیان بە پێ دەچن بۆ قوتابخانە، داوا دەکەین ئەو پردەمان بۆ چاک بکەن زۆر هیلاکین بەدەستییەوە.
ساڵی رابردوو تا بەرواری 8ی تشرینی دووەم هیچ بڕە بارانێک نەباریبوو، بەڵام ئەمساڵ لە هەمان بەروار لە هەندێک ناوچەی گەرمیان زیاتر لە 61 ملیم باران داباریوە. ئەمەش جگە لە پڕبوونی پۆند و بەنداوەکان، لە هەندێک ناوچەیشدا بارانی پێویست داباریوە و پەڵەی داوە.