موحسین رەزایی: دەبێت ئەمریکا دان بە سیستەمی نوێی ناوچەکەدا بنێت
ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، ئەمریکا هەواڵی ساختە لەبارەی دانوستانی وەهمی دروست دەکات.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، موحسین رەزایی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران گوتی: "واز لە نکۆڵیکردنی سیستەمی نوێ لە رۆژئاوای ئاسیا بهێنن".
سەبارەت بە مەرجەکانیش، موحسین رەزایی دووپاتیکردەوە، وڵاتەکەی پابەندە بەو حەوت مەرجەی پێشتر چەندبارە دیاریکردوون.
دوێنێ دووشەممە، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران جەختی کردەوە، وڵاتەکەی هەوڵی دیالۆگ و دانوستان دەدات. پزیشکیان روونیکردەوە، لۆژیک وادەخوازێت تاران نەچێتە ناو جەنگەوە تا ئەو کاتەی دەتوانێت مافەکانی لە رێگەی دیالۆگەوە بەدەستبهێنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا دووپاتیکردەوە، وڵاتەکەی لە بەرامبەر بەکارهێنانی هێزدا تەسلیم نابێت.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە تاران هەوڵ دەدات لەگەڵ واشنتن بگاتە رێککەوتن، بەڵام بە ئاشکرا ددانی پێدا نانێت.
هاوکات دوێنێ دووشەممە، محەممەد بن عەبدولرەحمان، سەرۆکوەزیرانی قەتەر سەردانی کۆشکی سپیی کرد و لەگەڵ ترەمپ و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە و گفتوگۆکانی تایبەت بە راگرتنی جەنگی بە ئەرێنی وەسف کرد.
لەم چوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاشکرایکرد، پێشنیازێکی نوێی ئەمریکی - قەتەری هەیە کە کرانەوەی گەرووی هورمز و هەڵگرتنی دەستبەجێی گەمارۆی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران لەخۆدەگرێت. پێشنیازەکە هەروەها گەڕانەوەی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ ئێران و ئازادکردنی سامانی بەستراوی تاران بە بڕی 6 بۆ 9 ملیار دۆلار لە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن لەخۆدەگرێت.
سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیش، پێشنیازەکە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ کەمکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم و رێگەپێدان بە پیتاندنی یۆرانیۆم لە ناوخۆی ئێران بە رێژەی 3.67%ـی بەدوور نەزانی.
لەناو ئەو حەوت مەرجەی تاران پابەندە پێیانەوە، راگرتنی جەنگ لە سەرجەم بەرەکان، هەڵگرتنی گەمارۆ لەسەر بەندەرەکانی و ئازادکردنی سامانی بەستراوی لە دەرەوەی وڵات دەبینرێن.