پێشەوا هەورامانی: لە ساڵی داهاتوو 120 ملیار دینارەکە بە بەغدا نادرێت

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ ناوی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر تۆمار دەکرێن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 گوتی: ناوی سەرجەم زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی ئەم دواییەی هەولێر تۆمار دەکرێن و بەدواداچوون بۆ دۆخیان دەکرێت. 

سەبارەت بە لافاوەکەی هەولێر، گوتەبێژی حکوومەت گوتی: "مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا، دوای تەواوبوونی سەرژمێری و ئاماری وردی زیانەکان لەلایەن ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای هەولێر و دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەگوێرەی توانا هاوکاری و قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکرێت".

هەورامانی روونیکردەوە، لە ماوەیەکی کەمدا بڕی زیاتر لە 80 ملیمەتر باران باریوە کە ئەوەش لە هەر شوێنێک بێت رووداوی لێ دەکەوێتەوە. سەرەڕای ئەمەش، لێکۆڵینەوە لە ئەگەری هەر کەمتەرخەمییەک دەکرێت و هەر کەسێک کەمتەرخەم بووبێت، سزای یاسایی دەدرێت.

لە تەوەرێکی دیکەدا و سەبارەت بە کۆبوونەوەی سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشەوا هەورامانی روونیکردەوە، ناردنی مووچە بۆ ئەم دوو مانگە بە شێوازی ئێستا بەردەوام دەبێت، بەڵام بۆ ساڵی داهاتوو رێککەوتن دەکرێت و سیستەمەکە دەگۆڕدرێت، بە جۆرێک 120 ملیار دینارەکە نادرێت بە بەغدا.

گوتەبێژی حکوومەت جەختیکردەوە، سەرۆکوەزیران بە وردی پرسی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی لە پڕۆژەیاسای بودجەدا خستووەتە بەردەم بەغدا، بەتایبەت ناڕەزایەتی دەربارەی شێوازی بڕینی خەرجییە سیادییەکان و پێنەدانی شایستە و بودجەی پڕۆژەکان و وەبەرهێنان بە هەرێمی کوردستان.

هەروەها باسی لەوەش کرد، سەرۆکوەزیرانی عێراق تێگەیشتنی بۆ داواکارییەکان هەبووە و ئارەزووی چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکانی دەربڕیوە، بە شێوەیەک لەسەر داهاتی ناوخۆ و پرسی مووچە لێکگەیشتن و نزیکبوونەوەیەکی باش لە نێوان هەولێر و بەغدا دروست بووە.